ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووری مالیکی رایدەگەیەنێت، ئامانجی دەستوەردانی دەرەكی دروستكردنی شەڕی ناوخۆیە و كەسیش لێی دەربازنابێت.

رۆژی شەممە 1ی ئەیلولی 2018 نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "لەو رەوشەی ئێستا وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، لەژێر باری دەستوەردانە هەرێمی و دەرەكییەکان و ئەو دووبەرەكیەی یەكێتیی و گەلی عێراقی كردووەتە ئامانج، گرنگە هەموو برایانی هاوبەش لە پرۆسەی سیاسی یەكگرتووبین و پاڵپشتی یەكدی بكەین بۆ شكستپێهێنانی ئەو پیلانانە، كە لە ئەنجامی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی لە قۆناخی ئێستا رووبەڕوومان بووەتەوە ئاكارەكانی دەركەوتوون".

مالیکی راشیگەیاند، "دەستوەردانە دەرەكییەكان، كە هەوڵی دروستكردنی درزێك و دۆزینەوەی حاڵەتێك لە ململانێ و شەڕی ناوخۆ دەدەن، هیچ كەس لێیی دەرباز نابێت و كەسیش بەرەكەی ناچنێتەوە جگە لە بێئومێدی، دۆڕان، پەشیمانبوونەوە و بەرپرسیارێتی گەورە لەبەردەم پەروەردگار لە بەرامبەر رژانی خوێن و وێرانبوونی نیشتمان و هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەروەری وڵات".

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەشدەكات، "لەو روانگەوە جەخت لەسەر گرنگی هۆشیاركردنەوە دەدەین لەبارەی ئەو كەسانەی هەوڵدەدەن وڵات تێكەڵی ئەو ململانێیانە بكەن، هەروەها رێگری دەكەین لە دەستوەردانی راستەوخۆ لە دانوستاندنەكان بە نوێنەرایەتی بۆ كۆكردنەوەی لایەنێك دژی لایەنێكی دیكە. دڵگران دەبم ئەگەر برایانی رێگە و چارەنووس گوێ لە پیلانەكانیان بگرن كە پێدەچێت پشتگیری بكەن، سەرەڕای ئەوەی دەزانن فێڵ و لە خشتەبردنی هەمووانە".

نووری مالیکی راشیگەیاندووە "بە هەموو ئەو برایانە دەڵێم، كە بەرژەوەندی نیشتمانیان دەوێت، گوێ لە دەنگی دوورەبەركی نەگرن كە هێزە دەرەكییەكان دەیڕێسن بۆ ئەوەی بە خوێنی گەل بۆیەی بكەن. راشكاوانە دەڵێم، بەو ئاراستەیە ناڕۆین كە وڵاتانی هەرێمی و زلهێز دەیانەوێت‌، رێگەش نادەین بچووكترین چەك بەڕووی سنگی برایانی یەك نیشتمان بكرێتەوە. داواشتانلێدەكەم با لە دانیشینێكی راستگۆیانە و راشكاوانەی عێراق گوێ لە یەكدی بگرین، لە پێناو بونیاتنانەوەی نیشتمان و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەوەی تیرۆر وێرانیكردووە، هەروەها بەدیهێنانی تەبایی سیاسی كە دەبێتە كلیلی سەقامگیریی ئاسایش و ئابووری و كۆمەڵایەتی، دەستبكەین بە بونیاتنانەوە و خزمەتگوزاری كە گەلەكەمان پێی دڵخۆش دەبێت".