ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

ئەمڕۆ یەكەمین كۆبوونەوەی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق وادەكەی دیاریكرد.

بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، ئەمڕۆ دووشەممە، رێكەوتی 3ی ئەیلولی 2018، ئەنجومەنی نوێنەرانی بڕیارە هەریەكە لە فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆمار و حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەلیم جبوی، سەرۆكی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی وتارێك پێشكەش بكەن.

هاوكات دواتر بە تەمەنترین پەرلەمانتار دەكرێتە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، تاوەكو سەرۆك و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێردرێن، دواتریش پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن.

بەپێی بەڵگەنامەیەك كە درەنگانی شەوی رابردوو بڵاوكرایەوە، هەریەكە لە هاوپەیمانی سائیرون و نەسر و حیكمە و وەتەنییە، لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی رادەگەیەنن.

لە بەڵگەنامەكەدا واژۆی هەریەكە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، حەسەن عەبدوڵڵا عاقوولی، موقتەدا سەدر، سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون، ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە، ئوسامە نوجەیفی، سەرۆكی هاوپەیمانی قەرار، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، محەممەد عوسمانی خالیدی سەرۆكی هاوپەیمانی بەیارق ئەلخەیر، قاسم ئەلفەهداوی سەرۆكی هاوپەیمانی عابیروون، نەوفەل شەریف جەودە لە پێكهاتەی سابیئە، عەمانوێل خۆشابا لە پێكهاتەی كریستیان، سائیب خدر.

هەروەها چەند لایەنێكی دیكەی سیاسی لە پێكهاتەی ئێزدیی واژیان لەسەر رێككەوتنەكە كردووە بۆ دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن كە لە 177 پەرلەمانتار پێكهاتووە.