ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق ناسراو به‌ یۆنامی، ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نیی له‌ مانگی رابردوو رایگه‌یاند كه‌ 207 كوژراو و بریندار.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا یۆنامی رایگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ مانگی ئابی رابردوو 90 هاوڵاتیی مه‌ده‌نی له‌ عیراق كوژراون و 117ی دیكه‌ش برینداربوون، هۆكاره‌كه‌ش كرده‌وه‌ی توندوتیژی و ململانێی چه‌كداری بووه‌.

ئاماره‌كه‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و هێزه‌كانی پۆلیس له‌كاتی ئه‌رك و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌رك و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هێزی پاراستنی دامه‌زراوه‌كان و ئاگركوژێنه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ له‌و 90 كوژراوه‌، 82یان هاوڵاتیی مه‌ده‌نی بوون و برینداره‌كانیش 113 مه‌ده‌نی بووه‌، زۆرترین قوربانیش له‌ به‌غدای پایته‌خت بووه‌ كه‌ 24 كوژراو و 53 برینداری هه‌بووه‌.

دواتر پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ 29 كوژراو و 10 بریندار، پاشان پارێزگای ئه‌نبار به‌ 6 كوژراو و 26 بریندار.

راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ هه‌ندێك حاڵه‌تیش هه‌بووه‌ كه‌ ئاماره‌كه‌ی ده‌ست یۆنامی نه‌كه‌وتوه‌ یان به‌ ته‌واوی پێی نه‌دراوه‌، بۆیه‌ ئه‌و ئاماره‌ كه‌مترین ئاستی قوربانیی هه‌ژماركردوه‌ و ره‌نگه‌ ژماره‌كه‌ زیاتریش بێت.