ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکەمین کۆبوونەوەی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەکراوەیی بۆ رۆژی سێشەممە دواخرا.

دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەکە بە کراوەیی بۆ کاتژمێر (11:00)ی رۆژی سێشەممە ( 4-9-2018) دواخرا. 

یەکەم کۆبوونەوەی خوولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکاتێکدا دەستیپێکرد کە پەرلەمانتارە کوردەکان ئامادەی دانیشتنەکەن بوون و محەممەد زەینەددین، وەک بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە فوئاد مەعسووم، حەیدەر عەبادی، نووری مالیکی، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و باڵیۆزی چەند وڵاتێک لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون.

کۆبوونەوەی خوولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتێکدایە هێشتا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی یەکلایی نەبووە و پێکنەهاتووە، چونکە دوو جەمسەرەکەی شیعە بانگەشەی ئەوە دەکەن گەورەترین فراکسیۆنیان پێکهێناوە، یەکێکیان 177 کورسی و ئەوەی دیکەیان 145 کورسی، بە هەردووکیان دەکاتە 322 کورسی لەکاتێکدا هەموو کورسییەکانی پەرلەمان 329 کورسییە.