ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێبین فەتاح- ڕێگای کوردستان

جۆن ئینگن قایمقامی شاری مزۆلا لە ویلایەتی مۆنتانا، باس لەوە دەکات، هەر لەسەرەتاوە پرۆژەی ئاوی شارەکەیان بەدەست کەرتی تایبەتەوە بووە، بەو هۆیەشەوە بە هەدەردان و کێشەی ئاو بۆ شارەکە دروست بووە، بەڵام ئەوان توانیویانە پرۆژەی ئاوی شارەکە لە کەرتی تایبەتەوە بۆ حکوومەت بگوازنەوە و سەرکەوتنیان لەو ڕووەوە مسۆگەر کردووە.

"جۆن ئینگن"قایمقامی شاری مزۆلایە لە ویلایەتی مۆنتانا، ویلایەتەکە ١٢٩ شار و شارۆچکەی ڕەسمی لەخۆگرتووە، بەڵام هەموو ژمارەی دانیشتووانەکەی لە دەوری یەک ملیۆن کەس دەبێت و چڕی دانیشتووانی زۆر سنووردارە، لەکاتێکدا ڕووبەر و پانتاییەکی گەورەی هەیە.

قایمقامەکەی مزۆلا کە لە ساڵی ١٩٨٢ تا ١٩٩٨ وەک ڕۆژنامەوان کاری کردووە، لەوە بەدواوە خۆی بۆ پۆستی قایمقام پاڵاوتووە و سەرکەتنی بەدەست هێناوە، ئەو ئێستو ١٣ ساڵە قایمقامی شارەکەیە و سێ خوولی یەک لە دوای یەکی هەڵبژاردن براوە بووە.

یەکەمین گوتەکانی جۆن بە هەڵوەستەکردن لەسەر هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی میدیا و میدیاکارانەوە دەست پێدەکات؛ "سەرۆک پەیوەندییەکی زۆر شەڕانگێزانەی لەگەڵ میدیاکاراندا هەیە، بەڵام ئەوە هەڵوێست و بۆچوونی ئێمە نییە، بەڵكو ئێمە دەمانەوێت ڕۆژنامە چاودێری راستەقینە بێت بەسەر حکوومەتەوە".

کەواتە ئێوە چۆن پەیوەندییەکتان لەگەڵ میدیاکاراندا هەیە، ئەو وەڵامدەداتەوە، "ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەیە، هەر زانیارییەک دەخەینە بەردەست ڕۆژنامەوانان، هەتا ئەگەر لەسەر حکوومەتیش بکەوێت، من خۆم ڕۆژنامەوان بووم و بەرپرسی ئۆفیسەکەشم پێش ئەوەی لێرە دەستبەکار بێت ماوەی ٢٠ ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی کردووە".

قایمقام لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردێت، لە هەر سێ خوولی هەڵبژاردندا، قایمقامی مزۆلا چەند بەڵێنێکی دیایکراوی بۆ دانیشتووانی شارەکەی هەبووە، لە یەکەم خوولی هەڵبژاردندا، بەڵێنی دیاریکردنی سنووری زەوی و چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی شارەکەی داوە، کە ئەوەی دووەم گەورەترین بەڵێنی بووە.

کێشەی ئاوی شارەکە، وەک قایمقام باسی دەکات ئەوە بووە کە هەر لە سەرەتاوە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت خاوەندارێتی پرۆژەی ئاوی مزۆلای کردووە، بەڵام قایمقام لەوباوەڕەدایە کە کۆمپانیایەکە بەشێوەیەکی خراپ مامەڵە دەکات و بەڵێنی بە خەڵک داوە کە خاوەندارێتی پرۆژەکە لە کۆمپانیای کەرتی تایبەوە بۆ حکوومەتی شارەکە دەگێڕێتەوە.

"کۆمپانیایەکە بەرهەمێکی خراپی بە نرخێکی بەرز بە خەڵک دەدا، ئێمە پەنامان بۆ دادگە برد، ماوەی سێ ساڵی تەواو لە ململانێ بووین لەگەڵ کۆمپانیایەکە و دواجار دۆسیەکەمان بردەوە و خاوەندارێتی ئاوی شارەکەمان بۆ حکوومەت گێڕایەوە".

ئەو کۆمپانیایەی کە ئەوکات لەلایەن قایمقامەوە دۆسیەکەی لەدژ جوڵێندراوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا، پرۆژەی ئاوی شارەکەی بە بڕی ١٢٠ ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیای تر کڕی بوو، بەڵام لەسەروەختی جوڵاندنی دۆسیەکە لە دادگەدا، بە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بەکۆمپانیایەکی کەنەدی فرۆشتووە، لەکاتێکدا مەترسی لەسەر دۆڕاندنی سکاڵایەکەش هەبووە، بەڵام قازانجی کۆمپانیایەکە هاندەر بووە تا بەو بارودۆخەشەوە پرۆژەکە بکڕێتەوە.

قایمقامی مزۆلا، یەکلاکردنەوەی کێشەکە بە "شەڕ لەگەڵ شەیتان" ناودەبات و دەڵێ، "ئێمە شەڕمان لەگەڵ شەیتان کرد، کۆمپانیایەکی زۆر گەورە بوو، توانای زۆری هەبوو، بەڵام دواجار بردمانەوە".

پاش گێڕانەوەی پرۆژەی ئاوەکە لە کەرتی تایبەتەوە بۆ حکوومەت، بە هەدەردانی زیاتر لە پرۆژەکەدا ئاشکرا دەبێت کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کراوە، وەک قایمقام دەڵێ، "بەپێی یاسا بە هەدەرچوون تا ڕێژەی ١١٪یش ئاساییە، بەڵام دەرکەوت کۆمپانیایەکە بەڕێژەی ٥٢٪ بە هەدەردانی کردووە، ئەگەر پرۆژەکە لەژێر دەستی کۆمپانیاکان بووایە، بە هەدەردانێکی زۆر بەردەوام دەبوو، ئاوەکەش بە کوالێتی خراپ و نرخی بەرزەوە بە خەڵک دەگەیشت".

قایمقامی مزۆلا کە لە ژوورێکی شووشەیی شەفاف دا گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە دەکات، داخ بۆ ڕابردوویەک دەخوات کە لە ساڵی ١٩٢٤دا پرۆژەی ئاوەکە بە تەنیا ٣٠٠ هەزار دۆلار خراوەتەڕوو، بەڵام ئەوکات ئەنجوومەنی شار ئامادە نەبوون خاوەندارێتی بکەن و پرۆژەکە بە کۆمپانیاکان دراوە، "ئەوە زیانێکی زۆری لێداین، لەکاتێکدا پاش ٩٠ ساڵ ئێمە ٨٨ ملیۆن دۆلارمان بۆ کۆمپانیایەکە گێڕایەوە تا خاوەندارێتی پرۆژەکە بۆ حکوومەت بگێڕینەوە".

لە هەموو شاری مزۆلا ٧٧ هەزار کەس دەژین، بەڵام شارەکە خزمەتگوزاری پێکەش بە ١٢٠ هەزار کەس دەکات کە بۆ کار و گەشت هاتووچۆی دەکەن. لە مزۆلا دامەزراوەی وەک زانکۆ، نەخۆشخانە، قوتابخانە و پۆلیس و ... هتد هەیە، بەڵام زانکۆ گەورەترین دامەزراوەیەتی.

بەڵێنەکانی جۆن ئینگن قایمقامی شارەکە لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردوودا کە تێیاندا براوە بووە، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، پاراستنی خاک و ژینگەی سروشتی و حکوومەتی شەفاف و کراوە بووە، وەک قایمقام دەڵێ، "لە بواری نیشتەجێکردندا کارمان کردووە، بەڵام هێشتا سەرکەوتوو نەبووین".

لە مزۆلا بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجوومەنی شار یان پەرلەمان هەیە، ئەنجوومەن دوو ساڵ جارێک کۆدەبێتەوە، وەرزی کۆبوونەوەکە ٩٠ ڕۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا یاسا و بڕیار دەردەکات یان یاسا و بڕیارەکانی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە و یاسای بودجەی دووساڵیش بەسەر یەکەوە دادەڕێژێت.

ململانێیەکی بەردەوام لەنێوان حکوومەت و ئەنجوومەندا هەیە، حکوومەت لە وەرزی یاساداناندا، دەست بە لۆبی کردن دەکات بۆ بەشێک لە یاسا و بڕیارەکان کە بە باشیان دەزانێت و لە هەمان کاتدا جوڵاندنی ڕای گشتی بە ئاراستەی دەنگنەدان و ڕەتکردنەوەی ئەو یاسا و بڕیارانەی پێیان وایە لە بەرژەوەندی خەڵک نین. ئەو پرۆسەیە لە ڕێگەی ڕۆژنامەوانێکەوە بەڕێوە دەبەن، "ئێمە لەگەڵ ڕۆژنامەوانێک ڕێک دەکەوین کە لۆبی بکات و ڕای گشتی لە باش و خراپی یاسا و بڕیارەکان ئاگەدار بکاتەوە تا دەنگی پێبدەن یان نەدەن" جۆن وای گوت.

دانیشتووانی مزۆلا کە زیاتر بە لای دیموکراتەکاندا دەشکێنەوە، لە بەرانبەر ئەنجوومەنی شارەکەدا، ڕووبەڕووی کێشەیەک بوونەتەوە، وەک قایمقامی شارەکە ڕوونی دەکاتەوە، "ململانێیەک لە نێوان شار و گونددا هەیە، دانیشتووانی گوندەکان پێیان وایە کەمتر خزمەتگوزاری پێشکەشی گوندەکان دەکرێت و خزمەتگوزارییەکان زیاتر لەناوەندی شاردا چڕ دەکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەنجوومەنی شارەوە ڕوویداوە کە ئەوان زیاتر شاریین و پرۆژەکان زیاتر بەلای شاردا دەشکێننەوە".

داهاتی شارەکە ١٣٠ ملیۆن دۆلاری ساڵانەیە، جگەلە باجی سەر گازی سروشتی و بەنزین، کە ڕێژەیەک لە داهاتی باجەکە لەلایەن ویلایەتەوە دەبردرێت و ڕێژەیەک کە بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار دەبێت بۆ کارگێڕی شارەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو پارەیە تەنیا دەبێت لە پرۆژەکانی ژێرخاندا خەرج بکرێت.

قایمقامی مزۆلا، کە لە ژوورێکی شووشەیی شەفاف و کراوەی باڵەخانەی حکوومەتەکەیدا، گفتوگۆمان لەگەڵ دەکات، دەبێت وەڵامی سڵاوی ئەو کەسانەش بداتەوە کە بە بەردەم ژوورە شووشەییەکەدا تێپەڕ دەبن. پیاوێک تێپەڕ دەبێت و بە دەست جامی ژوورەکە دەکوتێت، قایمقام بە گەرم و گوڕییەوە دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و سڵاوی لێدەکات، ئەو لەبارەی پیاوەکەوە دەدوێت، "لەڕووی عەقڵییەوە تەواو نییە، هەموو ڕۆژێک لێرەوە تێپەڕ دەبێت و دیوارە شوشەکە دەکوتێت، تا سڵاوی لێنەکەین، ناڕوات".

ئەو بەرپرسە حکوومییە، جارێکی تر بۆ سەرباسی حکوومەتی شەفاف و کراوە و پەیوەندی لەگەڵ میدیاکاران دەگەڕێتەوە، "ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ میدیاکاران هەیە، وا بیر دەکەینەوە میدیاکان خزمەتی زۆر بە کۆمەڵگە و حکوومەتیش دەگەیەنن".

کەواتە میدیاکان چۆن مامەڵەت لەگەڵ دەکەن، قایقام وەڵام دەداتەوە، "میدیا فەرمییەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانمان دەکەن و ڕەخنەمان لێدەگرن، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەبێ ویژدانانە قسەم لەسەر دەکەن".

جۆن ئینگن بە پێکەنینەوە باس لە ناوبردن و ئەو تۆمەتانە دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی دەکرێنەوە، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە سەرخۆش و قەڵەو و دەبەنگ ناوم دەبەن، بەڵام تەنیا دووانیان ڕاستە و یەکێکیان ڕاست نییە، چونکە وازم لە خواردنەوە هێناوە و سەرخۆش نیم، بەڵکو تەنیا دەبەنگ و قەڵەوم!".