ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا 80 هاوڵاتی کورد لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە سێدارە دراون کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر ئەو رێژەیە 40.7% کەمیکردووە.

بەبۆنەی رۆژی جیهانیی دژ بە سزای لە سێدارەدان، رێکخراوی هەنگاو راپۆرتێکی ئامادەکردووە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە 10ی تشرینی یەکەمی 2017وە تا ئەمڕۆ، بڕیاری لەسێدارەدانی 80 هاوڵاتی کورد لە زیندانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

ئەو رێژەیەش بەراورد بە ماوەی پێشووتر (لە 10ی تشرینی یەکەمی 2016 وە تا 10ی تشرینی یەکەمی 2017) 40.7% کەمیکردووە کە 55 حاڵەت بووە.

رێکخراوەکە روونیکردووەتەوە، لە کۆی ئەو 80 کەسەی کە لە سێدارە دراون، شەش کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی، نۆ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی ئاینیی، 55 کەسیان بە تۆمەتی کۆشتنی بەئەنقەست، حەوت کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و سێ کەسیشیان بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لەسێدارە دراون.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە 37 کەس لەو هاوڵاتیانەی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسێدارە دراون خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون، هەروەک 28 کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان، پێنج کەس خەڵکی پارێزگای ئیلام، پێنج کەس خەڵکی پارێزگای لوڕستان، سێ کەس خەڵکی پارێزگای سنە، یەک کەس خەڵکی پارێزگای خۆراسانی باکور و کەسێکیش لە کوردانی پارێزگای قەزوێن بووە.