ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان

بەگوێرەی ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لەماوەی یەک ساڵی دەستبەکاربوونی حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ڕژێمی ئیسلامی ئێران، زیاتر لە دوو هەزار حالەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە و لەناویشیاندا سەدان کۆڵبەر کوژراون و سەدان کرێکاری کورد لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو”، لە ١ی ئایاری ٢٠١٧ تا ١ی ئایاری ٢٠١٨، لەسەر یەک ٢١٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بوونەتە قوربانی کە زیاترین ڕێژە لە پارێزگاکانی ئورمیە و سنە تۆمار کراوە.

لەو ڕێژەیە ٦٠ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ١٥٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون کە زۆربەی هەرە زۆریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە. جگەلەوەی ١٢ کۆڵبەر و جووتیاری کورد بەهۆی مینەوە بوونەتە قوربانی و ٣٢ چالاکی کرێکاری و کۆڵبەریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو تێبینی ئەوەی کردووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و شەش منداڵی کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون کە یەکێک لەوانە تەنیا ١٣ ساڵ تەمەنی هەبووە وهەشت منداڵی دیکەی کۆڵبەر بریندارکراون. هەر لەو ماوەیەدا نۆ منداڵی کارکەر لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە کە سێ لەوان کچ بوون.

ناوەندی ئاماری هەنگاو ڕوونی کردووەتەوە کە لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا، بەتێکڕا ١٢١ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و بریندارکراون، بەڵام لە شەش مانگی سەرەتای ٢٠١٨دا، بەکۆی گشتی ١٠٤ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و بریندارکراون. لەو ژمارەیەدا ٣٢ کۆڵبەر گیانیان لە دەستداوە، لە کۆی ئەو ٣٢ کۆڵبەرەی کە گیانیان لە دەست داوە ٢١ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران ، سێ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، دوو کەسیان بە هۆی تەقینەوەی مین، چوار کەسیان بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە هەڵدێر و دوو کەسیشیان بە هۆی جەڵتەی دڵ لەکاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە.

هەروەک ٢٢ لە کۆڵبەرە کوژراوەکان خەڵکی پارێزگای ئورمیە، هەشت کۆڵبەر خەڵکی سنە و دوو کۆڵبەری دیکە خەڵکی کرماشان بوون. بەکۆی گشتی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی بەڕێژەی ٦٤٪یان خەڵکی پارێزگای ئورمیە و ئەوانی دیکە خەڵکی سنە و کرماشان و ٢٪یشیان خەڵکی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

ناوەندی ئاماری هەنگاو ئاشکرای کردووە کە لەماوەی یەک ساڵی دەستبەکاربوونی حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ڕژێمی ئیسلامی ئێران دا، زیاتر لە دوو هەزار حالەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو، کە ناسنامەی ٧٥٢ کەسیان بۆ ڕێکخراوەکە ئاشکرا بووە، ٥٠٣ کەستان بەتۆمەتی چالاکی سیاسی، ١٥٤ کەس بەتۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٥١ کەس بەتۆمەتی چالاکی مەزهەبی، ١٤ کەس بەتۆمەتی چالاکی کرێکاریی و ٣٠ کۆڵبەریش لەکاتی کۆڵبەریدا دەستگیر و دەستبەسەر کراون. لەناو ئەو دەستبەسەرکراوانەدا ٤٨ ژن و ١٥ منداڵ هەیە. جگەلەوەی لە ماوەی ساڵێکی حوکمڕانی ڕووحانی دا، ٨٥ هاووڵاتی کورد لە سێدارەدراون.

لەماوەی ئەو ساڵەی سەرۆک کۆماری حەسەن ڕووحانی دا، وەک ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ کردووە، ٦٢ کۆڵبەر کوژراون و ١٢٥ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.

هەروەک بەپێی راپۆرتێکی دیکەی ڕێکخراوەکە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٦٥٠ کرێکاری کورد لە کارەکانیان دەرکراون، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی "ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ" زۆرترینی ئەو کرێکارانەی دەرکراون لە چەند کارگە و دامەزراوەیەک کاریان کردووە، لەناویاندا، کانزای زێڕی زەرشورانی تیکاب ٢٠٣ کرێکار، شارەوانیی مەریوان ١٥١ کرێکار، کارگەی دەسکێشی حەریری ئورمیە ٥٠٠ کرێکار، کارگەی قەندی سەقز ١٣٠ کرێکار، کوشتارگەی سپید مورغی ئەیوان ٢٢٥ کرێکار، بریکاری ئێران خودرۆ لە مێهران ٢٠ کرێکار و کۆمپانیای گواستنەوەی ئاوی سیروان ٢٥٠ کرێکاریان لە سەر کارەکانیان دوور خستووەتەوە.