ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونکردنەوە لەبارەی خراپی و پاشەکشەی پاسپۆرتی عێراقی لە ریزبەندی جیهانی دەدات و رایدەگەیەنێت، بەمنزیکانە عێراقییەکان دەتوانن گەشتی چەند وڵاتێکی نوێ بکەن.

ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ریزبەندی پاسپۆرتی عێراقییەوە نییە، پۆلێنکردنەکە پشت بە کۆمەڵێک پێوەر دەبەستێت، کە پەیوەستن بە دۆخی وڵات و دامەزراوە ئەمنی و ئابوورییەکان و هێزی دراو. هەروەها تاوەکو ئێستا چەندین وڵاتی جیهانی نیگەران و راڕان لەبارەی کۆچ و داواکردنی مافی پەنابەری.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، ئەوەی تایبەت بێت بە رەهەندی دانوستاندن، ئەوا هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەردەوامە و توانیویەتی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆبکات، لەبارەی پاسپۆرتی دیپلۆماسی، پاسپۆرتی خزمەت و ئەنجامدانی گفتوگۆکان بەمەبەستی ئاسانکاریکردنی پێدانی ڤیزای گەشیاریی بۆ عێراقییەکان لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتانی جیهاندا.

مەحجوب جەخت لەودەکاتەوە، لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2019 دا عێراقییەکان دەتوانن بچنە چەندین وڵات، وەزارەتی دەرەوەش گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتانی جیهانی کردووە و گەیشتووەتە ئەنجامی باش.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها دەڵێت وڵاتان لەسەر بنەمای هاوشێوە مامەڵە دەکەن، عێراق بە ئاسانی ڤیزا نادات، بەهۆی دۆخی ئەمنی و رێوشوێنی تووندی ئەمنییەوە، پێدانی ڤیزای عێراقیش لە سەخترین ڤیزاکانە.

بەپێی دوایین ریزبەندی، ماڵپەری دامەزراوەی هینلی پاسپۆرت بڵاویکردەوە، پاسپۆرتی ژاپۆنی باشترین و بەهێزترین پاسپۆرتی جیهانە، هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە بەبێ ڤیزا دەتوانن سەردانی 190 وڵات بکەن و، ئەوەی جێگەی سەرەنجە عێراق و ئەفغانستان لە ریزبەندی 106 و دوایین خراپترین پاسپۆرتەکانی جیهانن، کە هەڵگرانیان دەتوانن بەبێ ڤیزا تەنها سەردانی 30 وڵات بکەن. پاسپۆرتی سۆماڵ (105)، سووریا (105) یەمەن (103)، سوودان (102) و لیبیا (100) لە پێش پاسپۆرتی عێراق دان.