ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بریار محەمەد- رێگای كوردستان

داوایەكی سونەكان لە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، نیگەرانی رێكخراوەكانی ئەنفالی لێكەوتەوە، كەتایبەت بە ئازادكردنی وەزیری پێشووی بەرگری رژێمی روخاوی بەعس.

ئەمڕۆ یەك شەمە 4ی تشرینی دووەمی 2018 ، فەتاح تەنیا دامەزرێنەری رێكخراوی 14ی 4ی تایبەت بەدۆزی ئەنفال، بە (رێگای كوردستان) ی راگەیاند،"داوای ئازادكردنی وەزیری پێشووی رژێمی رووخاوی بەعس، سوڵتان هاشم جێگەی قبوڵ نیە، چونكە ناوبراو راستەو خۆ سەرپەرشتی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالی كردوە.

گووتیشی، ئەو داواكاریە پیشێلكردنی یاسای ریشەكێشكردنی بەعسە كە پێشتر پەرلەمانی عێراق دەنگی بۆداوە.

دووپاتی كردەوە" ناكرێت تاوانبار بەهۆكاری كۆمەڵایەتی یاخود سیاسی داوای ئازاد كردنی بكرێ.

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە رۆژی 1ی ئەم مانگە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتلافی نیشتمانی عێراق، مردنی كوڕێكی وەزیری پێشووی بەرگری رژێمی روخاوی بەعسی بە روداوی هاتوچۆ لە ولاتی سوریا كردە دەرفەتێك بۆئەوەی داوا لەسەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆك وەزیران و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بكات بۆ ئازاد كردنی سوڵتان هاشم وەزیری پێشووی بەرگری رژێمی روخاوی بەعس.

دەقی ئەو داوایەش لە تەلەفزیۆنی سۆمەریەو ئاژانسی سۆمەریەوە نیەوزەوە بڵاوببویەوە.