ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كاروباری زیانبه‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی له‌ وه‌قفی كاروباری شه‌هید و قاره‌مانانی ئێران رایدەگه‌یەنێت، ٤٠٠ هه‌زار كه‌س زیانبه‌ركه‌وتووی چه‌كی كیمایی جه‌نگی عێراق-ئێرانن كه‌ ١٠٠ هه‌زاریان به‌رده‌وام چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرن.

محه‌ممه‌د ره‌زا سدقی موقه‌دده‌م به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كاروباری زیانبه‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی له‌ وه‌قفی كاروباری شه‌هید و قاره‌مانانی ئێران به‌ ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی ئێران-ی راگه‌یاند، كه‌ ٤٠٠ هه‌زار كه‌ زیانبه‌ركه‌وتووی چه‌كی كیمایی جه‌نگی عێراق-ئێرانن كه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٠ هه‌ڵگیرسا و ماوه‌ی هه‌شت ساڵی خایاند ١٠٠ هه‌زار كه‌سیش له‌و زیانبه‌ركه‌وتووانه‌ به‌رده‌وام چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرن.

موقه‌دده‌م راشیگەیاند، لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی چه‌كی كیمیاییه‌وه‌ ناونیشانی قاره‌مانی به‌ ٦٣ هه‌زار زیانبه‌ركه‌وتووی چه‌كی كیمیایی داوه‌ و له‌ نێو بریندارانیشدا له‌ سه‌دا پێنجیان كه‌مترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ و له‌ سه‌دا ٧٠یشیان زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

ناوبراو باسی لەوەشكرد، به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌وه‌ زیانبه‌ركه‌وتووان تووشی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كانی چاو، پێست و هه‌ناسه‌دان بوون. ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش له‌لایه‌ن یه‌كه‌ ته‌ندروستییه‌كانی به‌شی كاروباری زیانبه‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی له‌ وه‌قفی كاروباری شه‌هید و قاره‌مانانی ئێران چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرن.