ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

ئەمڕۆ  دووشەممە، 11ی ئاداری 2019 حەسەن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری‌ ئێران و شاندێكی یاوەری بەسەردانێك گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.

میدیا ئێرانییەکان رایانگەیاندوە، سەردانەکەی رۆحانی بۆ عێراق یەکەم سەردانی رۆحانییە بۆ ئەو وڵاتە و سێ رۆژ دەخایەنێت، هاوکات سەردانەکەش لەسەر بانگهێشتی رەسمی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بووە.

حەسەن رۆحانی، پێش ئەوەی بەرەو عێراق بەڕێبکەوێت، لە فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ناکرێت پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق بە پەیوەندییەکانی وڵاتێکی داگیرکاری وەک ئەمریکا بەراورد بکرێت، ئەمریکا لە ناوچەکەدا نەخوازراوە، ئەو بۆمبانەی ئەمریکییەکان بەسەر عێراق و سووریا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەریان داوەتەوە، ناکرێت لە یاد بکرێن.

بە گوێرەی هەواڵی میدیاكان، بڕیارە رۆحانی لە بەغدا چاوی بکەوێت بە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چەندین کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەستەبژێری عێراقی.