ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزیری وزەی سعوودیە رایدەگەیەنێت، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ھێرشكراوەتە سەر دوو وێستگەی نەوت.

رۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2019 ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویكردەوە، خالید فالح وەزیری وزەی سعوودیە، رایگەیاند: "ھێرشەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامدراوە".

سەبارەت بە زیانەكانی ھێرشەكەش وەزیری وزەی سعوودیە، خالید فالح رایگەیاند كە لە ئاكامی ھێرشەكەدا ئاگرێكی گەورە لە وێستگەی ژمارە ھەشت كەوتەوە، بەڵام تواندراوە ئاگرەكە بكوژێندرێتەوە كە زیانێكی زۆری بە وێستگەكە گەیاندووە.

كەناڵی مەسیرە سەربە حووسییەكان بڵاویكردەوە كە حەوت فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سەربە حووسییەكان ھێرشیانكردووەتە سەر ژمارەیەك وێستگەی نەوت لە سعوودیە.

خالید فالح راشیگەیاندووە كە سعوودیە ئیدانەی ئەو ھێرشە ترسنۆكانە دەكات و رایگەیاندووە "ئەم ھێرشە تیرۆریستییە و تێكدەرە لەگەڵ ئەو ھێرشانەی كە بەم دواییانە كرانە سەر چوار كەشتی لە نزیك ئاوەكانی ئیمارات، تەنھا سعوودیە بەئامانج نەكراوە".

وەزیری وزەی سعوودیە، خالید فالح ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە كە جارێكی دیكە بەئامانجكردنی ھەناردەكردنی نەوت بۆ جیھان ئەوە دەردەخات كە گرنگە زیاتر ھەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەكان بخرێنەگەڕ لەنێویاندا میلیشیا حووسییەكان كە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن.