ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان

پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ئێران بەرەو ئاڵۆزى زیاتر دەچن، تاران لە هەوڵى پڕچەککردنى سەدان گرووپی چەکدارى جیاوازدایە لە عێراق و ئەمریکایش هۆشدارى دەداتە بەغدا و هاوکات هێزی زیاتر ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات.

لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا پەیوەندییەکانى نێوان واشنتۆن و تاران ئاڵۆزى زیاترى بەخۆیەوە بینى و جارێکى دیکەش پرسی بەخشینى تەواوەتى عێراق لە سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران هاتەوە ئارا، ئەمریکا سوربوونى خۆى لەسەر کەمکردنەوەى باڵادەستییەکانى تاران لەسەر بەغدا ڕاگەیاندووە و دەسەڵاتدارانى عێراقیش مەترسی سەرهەڵدانی کارەساتێکى دیکە ناشارنەوە.

بەپێى زانیارییەکان پێش سەردانەکەى ئەم دواییەى مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەفەرمی داوای لەدەسەڵاتدارانی واشنتۆن کردووە، کە عێراق لە گەمارۆکانی سەر ئێران ببەخشرێت، لەگەڵ ئەم داواکارییە فەرمییەشدا عێراق لەڕێگای نوێنەرە دیپلۆماسییەکانییەوە هەوڵی داوە ئەمریکا بە داواکارییەکەى تایبەت بە بەخشینى لەسەر سزاکانى ئەمریکا ڕازى بکات، بەڵام هیچ وەڵامێکى ئەرێنى وەرنەگرتووە، لەبەرانبەریشدا عێراق کارى بە بڕیارەکە نەکردووە. 

زەعیم عەبودی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرەڕاى ئەوەى جەخت لە ڕەتکردنەوەى فشارەکانى ئەمریکا لەلایەن بەغداوە دەکاتەوە، تایبەت بە سزاکانی لەسەر ئێران، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات وڵاتەکەى و ئێران پەیوەندییەکى مێژوویی و جوگرافی پێکەوەیان دەبەستێتەوە، "بەرژەوەندییمان لەوەدایە نەبینە بەشێک لەو گەمارۆیە". لەلایەکى دیکەوە لە ئەگەرى چوونە ژێر فشارەکانی ئەمریکا بەگوتەى ئەندامێکى دیکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق مەترسییەکى گەورە ڕوو لە وڵات دەکات، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە؛ ئەگەر بەغدا پابەند بێت بەگەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەماوەى چەند مانگێکى کەمدا وڵات ڕووبەڕووى کارەساتێکى ڕاستەقینە دەبێتەوە، بەتایبەتى لەبوارى دابینکردنى کار بۆ ناوچەکانى خوارووى عێراق.

سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەردانەکەى مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە هەمان چوارچێوەدا بووە و بۆ دڵنیاییدان بووە بە عێراق لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارەکەى ئەمریکا تایبەت بە سزاکانى لەسەر ئێران و ئەو مەترسییانەى کە تاران لەسەر ئەمریکا لە عێراق دروستى کردوون، ئەمە جگە لە دووپاتکردنەوە و هۆشدارییدان بە عێراق بەوەى کە دووربکەوێتەوە لەململانێی نێوان واشنتۆن‌ و تاران و نەبێتە بەشێک لە ململانێیەکە لە بەژەوەندى تاران، ئەمە جگەلەوەى کارکردن بووە بۆ دەرهێنانى بەغدا لەژێر هەژموونی تاران، بەتایبەتى لە پرسی وزەدا، بەو پێیەى عێراق بۆ دابینکردنی بەشێک لە کارەباکەی پشت بە ئێران دەبەستێت، بەجۆرێک عێراق بۆ دابینکردنی نزیکەی ٣،٥ هەزار مێگاوات کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت.

لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق باس لە زیادبوونی هەڕەشەکانی تاران لە ناوچەکە کراوە، ئەوە جگە لە بەستنی چەندین مامەڵە و گرێبەستى گەورە لە نێوان واشنتۆن و بەغدا، بۆ نموونە واژووکردنی ڕێککەوتنیک لەبواری نەوت لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی.

بەگوتەى ڕۆژنامە عێراقییەکان، یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى سەردانەکەى پۆمپیۆ بۆ ئەو هەوڵانەى حکوومەتى عێراق دەگەڕێتەوە کە لەماوەى ڕابردوودا بۆ کڕینى چەک لە وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین و یابان و کۆریای باشوور داویەتى.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەدواى سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەى بۆ بەغدا بەئاشکرا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هاتوون تا دڵنیابن لەسەلامەتی ئەو تیمەی ئەمریکا لەعێراق کاری سەربازی‌ و دیپلۆماتی دەکەن، باسی لەوەشکرد کە ئەوان لەهەڕەشە ‌و دەستوەردانەکانی ئێران لەسەروەری خاکی عێراق‌ نیگەرانن و دەشیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت ئەو هەڕەشانە ڕابگرین.

ئێستا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 50 هەزار ئەفسەر و سەربازی لە عێراق دا هەیە و پێشتریش سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆ لە تویتێکیدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر باسی لەوە کردبوو لە عێراق چەندین گرووپی چەکدار هەن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پڕچەک دەکرێن و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت، ئەو سیناتۆرە جەختى لەوە کردبوویەوە هەر هێرشێک لەلایەن ئەو گرووپانەوە بۆ سەر ئەو هێزانە یان دامەزراوەکانیان لە عێراق ڕووبدات، بە هێرشێکی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە هەژمار دەکەن.

لەگەڵ توندبوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزێکی لێدەری ناردە کەنداوی فارسی کە خۆی لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و فڕۆکەی مووشەکهاوێژی "بی ٥٢" دەبینیتەوە، ئەوەش بەئامانجی بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە لەلایەن ئێرانەوە بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن یان هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لەناوچەکە بەتایبەتى عێراق.

لەلایەکى دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکراى کردووە کە پاتریک شاهان وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت ڕەزامەندی لەسەر ناردنی مووشەکی پاتریۆت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانداوە و لە چەند ڕۆژی ئایندەدا ئەو چەکە پێشکەوتووەی وڵاتەکەی دەگەیەنرێتە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست.

هەرچەندە عێراق لەسەر ئاستى فەرمى ملکەچبوونى بۆ داواکارییەکانى ئەمریکا لەپەیوەست بە مامەڵەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەو سەدان گرووپە چەکدارەى کە لەدەرەوەى دەسەڵاتى حکوومەت کار دەکەن هیچ کاتێک ئامادەنین لە دەرەوەى بەرژەوەندییەکانى تاران کار بکەن، بۆ نموونە لە نوێترین کاردانەوەدا دواى فشارەکانى ئەمریکا، هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و دامەزرێنەری حەشدی شەعبی کە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە تارانەوە هەیە هۆشدارى داوەتە ئەمریکا و ڕاى گەیاندووە؛ "عێراق بۆ ئەمریکا دەکەینە ڤێتنامی دووەم".