ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەوی رابردوو لە پارێزگای نەجەف بەشێک لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر خۆپیشاندانیان کرد، لە رووبەڕووبوونەوەشیاندا لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان ٤ کەس کوژران و ١٧ کەسی تریش برینداربوون.

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد )دژی گەندەڵکاران( بوەستنەوە، شەوی رابردوو ژمارەیەک کەسی ناڕازی چوونە پێش مۆڵێک لە شاری نەجەف لە باشووری عێراق ، دواتر شەڕ و پێکدادان لەنێوان خەڵکە ناڕازییەکە و پاسەوانانی مۆڵەکە روویدا و قوربانی لێکەوتەوە.

نەخۆشخانەی حەکیم لە شاری نەجەف لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردۆتەوە "بەهۆی پێکدادانەکان لە پێش مۆڵی بەشیر چوار کوژراو و 17 بریندار گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند "هێزە ئەمنییەکان توانیویانە پێنج کەس لە تەقەکەرانی نەجەف دەستگیربکەن کە هەموویان پاسەوانی مۆڵەکەن".

ئەوەش دوای ئەوەهات رۆژی دووشەممە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانە بکەن، کە بە کەسانی گەندەڵ ناسراون و هەستاون بە تاڵانکردنی ماڵی گشتی و ناوەندی بازرگانی گەوەرەیان لە شارەکان بنیاتناوە.