ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نێردەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هزری توندڕەوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنبڕ بكرێت.

برێت ماكگۆرك نێردەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئەو كاتەی هزری توندڕەوی هەبێت سەرهەڵدانەوەی گروپی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی نایەت.

ماكگۆرك وتیشی، پێویستە وڵاتانی ناوچەكە هەموو ئەو ڕێكارە ستراتیژیانە بگرنەبەر كە دەتوانرێت ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بكات و دەبێت جەنگ دژی هزری توندڕەوی بەرپا بكرێت.

نێردەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، زەمینە خۆشدەكات بۆ دروستبوونی گروپی تیرۆریستیی، بۆیە پێویستە كار بۆ چارەسەرێكی بەپەلە و ڕیشەیی بكرێت.