ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی بە شێوەیەكی فەرمی لە پەیماننامەی چەكی ئەتۆمی لەگەڵ مۆسكۆ دەكشێتەوە.

  مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند "واشنتن بە شێوەیەكی فەرمی لەو پەیماننامە ئەتۆمیە دەكشێتەوە، كە ساڵی 1987 لەنێوان هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكان و روسیادا واژۆكرا".

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد "لەرۆژی هەینیەوە ویلایەتە یەكگرتوەكان كار بەو پەیماننامە ئەتۆمیەی نێوان واشنتن و مۆسكۆ ناكات و روسیا تاكە بەرپرسیارە لە كۆتاییهاتنی ئەو پەیماننامەیە".

لە بەرامبەردا سێرگی ریابكۆڤ، وەزیری درەوەی روسیا داوای لە ویلایەتە یەكگرتوەكان و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی"ناتۆ" كرد، "بڵاوكردنەوەی موشەكە ناوەندمەوداكان هەڵپەسێرن".

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەو هەڵپساردنە هاوشێوەی هەنگاوەكەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیا دەبێت، كە رایگەیاندوە لە ئەگەری هەڵپەساردنی بڵاوكردنەوەی ئەو چەكانە لە هەندێك ناوچە، روسیاش بە هەمانشێوە ئەو هەنگاوە ئەنجامدەدات".

ئەوە لەكاتێكدایە پاش راگەیاندنی كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەو پەیماننامە ئەتۆمیە، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی بەرپرسیاریەتی تەواویان خستە ئەستۆی روسیا و رایانگەیاند "وەڵامێكی گونجاومان بۆ بەرپرسیاری ئەو هەنگاوە دەبێت".

لە رێكەوتی 2ی شوباتی ئەمساڵەوە واشنتن پابەندبونەكانی بە پەیماننامەی موشەكی ئەمریكا-روسیا هەڵپەسارد كە ساڵی 1987 بە مەبەستی سنورداركردنی پەرەپێدانی موشەكە ئەتۆمیە كورت و ناوەندمەوداكانیان واژۆیانكردبو.