ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، هەناردەكردنی نەوت بۆ ئوردن كە بڕەكەی دەگاتە ١٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، دەستیپێكردەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە، دوای ئەوەی ژمارەیەك بارهەڵگر نەوتی خاویان لە پاڵاوگەی بێجی سەربە پارێزگای سەڵاحەددین باركرد چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو، بگەنە پاڵاوگەیەكی نەوت لە شاری زەرقا باكووری رۆژهەڵاتی ئوردن.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەنگاوەكە لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە دێت كە لە مانگی شوباتی رابردوودا لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی ئوردن سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردن كراوە، بەپێی رێككەوتنەكە عێراق رۆژانە، ١٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن دەكات.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە كە بڕیاربوو رێككەوتنەكە پێشتر بچێتە واری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بە هۆی شەڕەكانی دژبە تیرۆر لە ساڵی ٢٠١٤دا راوەستابوو، بەڵام دوای باشبوونی رەوشی ئەمنی، جارێكی دیكە عێراق رەزامەندی نیشاندا لەوەی نەوت هەناردەی ئوردن بكات.