ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە زیان لێكەوتووەكانی خۆیان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانەیە و لەبڕوای ئاوارەكان خۆیانەوەیە، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ ئەو تۆمەتانەی كە باس لەوە دەكات ئاوارەكان دەگەڕێندرێنەوە.

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ رێكخراوی ھیومان رایتس وۆچ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو كە عێراق بە شێوەیەكی زۆرەملێ دوو ھەزار عێراقی لە خێزانی چەكدارانی داعش لە كەمپەكانی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەركردووە.

لە وەڵامدا وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، نەوفەل بەھا مووسا گوتی: "ھەوڵێكی جیاوازمان خستووەتەگەڕ بۆ بەدواداچوونی كاروباری ئاوارەكان و بە شێوەیەكی مەیدانی و ھەوڵمان داوە كەشێكی لەباریان بۆ برەخسێنین بۆ گەڕاندنەوەیان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و كۆتاییھێنان بە كێشە و گرفتی نێو كەمپەكان".

نەوفەل بەھا مووسا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە "سەرسام بووین بەو تۆمەت و قسانەی باس لەوە دەكەن گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەكی زۆرەملێیە، لەكاتێكدا بڕیاری گەڕانەوە ئارەزوومەندانەیە و لە بڕوای ئاوارەكان خۆیانەوەیە".