ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ بانگه‌وازی كرد بۆ یه‌كگرتن دژ به‌ شه‌ڕه‌نگێزیی ئێران و به‌ پێویستی زانی ئه‌و وڵاته‌ بێبه‌ش بكرێت له‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ پشتیوانی دارایی تیرۆر به‌كاریان ده‌هێنێت.

له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌ورووپا، مایك پۆمپیۆ دوێنێ گه‌یشته‌ ئیتاڵیا و ده‌ستی به‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی كرد له‌و وڵاته‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ ڤاتیكان سه‌ره‌تا به‌شداریی له‌ سێمپۆزیه‌مێكدا كرد و پاشان له‌گه‌ڵ هاوتا ئیتاڵیه‌كه‌ی، لویگی دی مایۆ كۆبووه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، پۆمپیۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا ستایشی ئیتاڵیای كرد له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی له‌باره‌ی لیبیا، ئه‌فغانستان، عێراق و سزاكانی سه‌ر رووسیا و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دژ به‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی نیكۆلاس مادورۆ له‌ ڤێنیزوێلا گرتوویه‌ته‌به‌ر.

پۆمپیۆ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا دژی ''ئێران كه‌ پشتیوانی تیرۆر ده‌كات'' نه‌گۆڕاوه‌، ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ به‌رپرس ده‌زانن له‌ هێرشی سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودیی.

‌ هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ''ده‌مانه‌وێت ئێران بێبه‌ش بكه‌ین له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی هه‌میشه‌ بۆ پشتیوانییكردنی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ جیهان به‌كاریهێناون''.

گوتیشی: ''پێویست به‌ یه‌كگرتن ده‌كات دژ به‌ شه‌ڕه‌نگێزیی ئێران كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌''. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌گه‌ڵ هاوتا ئیتاڵیه‌كه‌ی گفتوگۆیان كردووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كۆمپانیای هێڵى ئاسمانیی ئێران، ماهان ئێر.

سه‌باره‌ت به‌ دواین ره‌وشی لیبیا، پۆمپیۆ تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاری له‌پێشینه‌ی ئه‌مریكا ده‌سته‌به‌ركردنی ئاگربه‌سته‌ له‌و وڵاته‌ و رایگه‌یاند: ''گرنگترین شت لێره‌دا كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژیه‌ له‌و وڵاته‌دا. ئومێده‌وارین ئه‌‌و كۆنفرانسه‌ی له‌ به‌رلین له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ساز ده‌كرێت هاوكاربێت له‌ فه‌راهه‌مكردنی ئاشتیی له‌و وڵاته‌دا''.