ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا دەکات گوێ لە داواکارییەکانی گەل بگیرێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای کرد گوێ لە داواکارییەکانی گەل بگیرێت، هاوکات داوای کرد لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران بکرێت.

محەمەد حەلبوسی لە گوتەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کە لەناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێشکەشی کرد، رایگەیاند: "پێویستە هێزە ئەمنییەکان بەجۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن، لەهەمان کاتدا پاڵپشتی لە داواکاری خۆپیشاندەران دەکەین و جەخت لەسەر پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەینەوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە خۆپیشاندەران کرد لەپاڵ دەوڵەتدابن بۆ لێپێچینەوە و دادگایی کردنی گەندەڵکاران.

حەلبوسی جەختی لە گرنگی لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران و بەرەنگاربوونەوەی بیرۆکراسییەت کردەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "گەلی عێراق بەهۆی تیرۆر و گەندەڵییەوە تووشی نەهامەتی بوون، پێویستە رێگە بە گێرەشێوێنەکان نەدرێت خۆپیشاندانەکان بقۆزنە".

محەمەد حەلبوسی: "لە ئەگەری شکستهێنانی دەوڵەت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا، دەچینە ریزی خۆپیشاندەرەکانەوە".