ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

 لە رۆژانی 26 و 27ی ئەیلولی 2019 كۆمەڵی تێروانینی ستراتیجی روسیا و جیهانی ئیسلامی، لە شاری سانت پترسپۆرگ، پێنجەمین دیداری خۆی بەست. بابەتی دیداری ئەم ساڵ سەبارەت بە ڕۆڵی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن لە درووستكردنی ئەجندەی نێودەوڵەتی، و چۆنێتی ڕووبەڕووبەنەوەی هەواڵی چەواشە، و ئاستی ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهانی ئیسلامیدا، تەرخان كرابوو.

لەو دیدارەدا د. كاوە محمود وەك توێژەوەرێكی بواری هزری كە پێشتر وەزیری رۆشنبیری هەرێمی كوردستانی عێراق بووە، وەك كەسایەتییەك لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەم دیدارە بانگ كرابوو.

سەڕەڕای ژمارەیەك لە سیاسەتمەداران و بیرمەندان و رۆژهەڵاتناس و ڕاوێژكارانی بواری دەزگا ڕەسەنەكانی ڕاگەیاندنی روسیا، ژمارەیەك لە كەسایەتی سیاسی و شارەزا و رۆژنامەنووسی بەناوبانگ لە وڵاتانی مالیزیا، ئەندونیسیا، بەنگلادێش، پاكستان، ئێران، كویت، ئیمارات، مەغریب، تونس، میسر، ئەردەن، لوبنان،، سوریا، بۆ ئەم دیدارە بانگ كرابوون.

لە سەرەتای دیدارەكەدا فریت موحەدمەشین جیگری سەرۆكی كۆمەڵەی تێڕوانینی ستراتیجی، و جیگری سەرۆكی كومیتەی بابەتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجومەنی فیدراڵی روسیای فیدراڵا، ئاماژەی بە گرنگی دیدارەكە كرد، و جەختی لە سەر فرەبوونی كەلتوری و بۆچونی حكومەتی روسیا لە سەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە گەڵ وڵاتانی جیهانی ئیسلامی كردەوە.

لەم دیدارەدا بنیامین بۆبۆف شارەزا لە بواری رۆژهەڵاتناسی و گەورە ڕاوێژكاری كۆمەڵەی تێروانینی ستراتیجی، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمڕو جیهان لە هەلومەرجێكی پڕ شڵەژان دەژیت، و بەردەوام لە پەرەسەندندایە و شارستانی نوێ پەرەدەسەنێت و ناتوانین بلێن تەنها ئەوروپا ناوەندی شارستانی جیهانە، و لە ئاسیایدا شارستانی نوێ وەكو چین شوێنی خۆی گرتەوە. لە هەمان كاتدا ئاماژەی بە خاڵە سەرەكییەكانی گوتاری سیرگی لافرزڤ لە دووا كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد.

سەبارەت بە تەوەری ڕۆڵی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن لە دانانی ئەجیندەی نێودەوڵەتی دكتور كاوە محمود ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمڕو ڕاگەیاندن لە ناوەندی سیاسی بریاردا هاوبەشە و پێشتر زەمینە بۆ ئاراستەی ڕووداوەكان خۆش دەكات، و كار لە سەر ئاراستەكردنی بۆچونی تاك لە كۆمەڵدا دەكات و بۆ هەندێ بابەت ڕای گشتی تەیار دەكات. هەروەها ئاماژە بۆ ڕۆڵی ڕاگەیاندنی ئەو هێزانەی كرد كە بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی تێدەكۆشن كە پێویستە ڕاگەیاندنەكانیان بە شێوەیەكی ریالیستی لە خوێندنەوەی واقیع و ڕاستگۆیی لە خستەڕوو بابەتەكان، و دوور لە پۆپۆلیستی و پشت بە لۆجێك لە گوتاری ڕاگەیاندن، بێت.

لە هەمان كاتدا بە كورتی باسی پەرەسەندنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە نوسینەكانی (تۆمسن)ەوە تا رۆژكاری ئەمرۆی كرد، و بۆچونەكانی ئەل گۆر خاوەنی كتێبی (شاڵاو لە سەر عەقل)ی بە نموونە هێنایەوە. هەروەها ئاماژە بە گرنگی ئەو بابەتانە كرد كە ڕاگەیاندنی هێزی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی پێویستە جەختی لە سەر بكاتەوە، لەوانە: ئازادی گەڵان لە دەستنیشانكردنی چارەنوسی خۆیان، و پاراستنی ئاشتی نێودەەڵەتی و حوكەمەی نێودەوڵەتی چارەسەركردنی چاوگەكانی بارگرژی، و پاراستنی ژینگە، و قەڵاچۆكردنی هەژاری. بۆ ئەم مەبەستە پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری و ڕووبەڕووبونەوەی هەواڵی چەواشە و خولیای پۆپۆلیستی، و كاركردن بۆ پەیداكردنی هاوپەیمان بۆ داكۆكیكردن لە گوتاری گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بە پێویست زانی.

شایانی باسە 37 كەسایەتی لە پێنجەمین دیداری كۆمەڵەی تێڕوانینی ستراتیجی روسیا و جیهانی ئیسلامی بابەتیان پێشكەش كرد. ئەم كۆمەڵەیە پێشتر لە لایەن یفگینی بریماكۆف سەرۆك وەزیرانی پێشووتری كۆماری روسیای فیدراڵ درووست كراوە، و ئێستا سەرۆك كۆماری تتەرستان سەرۆكی كۆمەڵەیە، و لەلایەن وەزیری دەرەوەی كۆماری روسیای فدراڵ لافروڤـ پشتگیری دەكرێت.