ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند، ئەوەش دوای گەیشتن بە رێگایەکی داخراو لە ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستای وڵاتەکە.

حەریری لە گوتارێکدا بۆ رای گشتی لە شوێنی مانەوەی لە بەیروتی پایتەخت، رایگەیاند:" لەو ماوەیەدا ھەوڵمدا بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک کە لەو رێگایەوە گوێ لەدەنگی خەڵک بگرین، ھەروەھا وڵات بپارێزین لە مەترسییەکانی ئەمنی و بژێوی".

حەریری گوتی:" نایشارمەوە کە من گەشتمە رێگایەکی داخراو لە دۆزینەوەی چارەسەر ، بۆیە دەچمە کۆشکی کۆماری لە بەعبەدا تاوەکو دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەم رادەستی سەرۆک میشێل عەون بکەم".

سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای لە ھەمووان کرد بەھەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی لوبنان و ھەستانەوەی ئابووری وڵاتەکە .

بەگوێرەی راگەیاندنی ناوخۆی لوبنانی ، دواتر سەرۆکوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری چووەتە کۆشکی کۆماری و دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی رادەستی سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون کردووە ، دواتر بەبێ ھیچ لێدوانێک کۆشکی بەعبەدای بەجێ ھێشتووە.

دەستلەکارکێشانەوەی حەریری لە رۆژی سیازدەھەمینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لوبنانییەکاندایە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە.

دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی حەریری، لە چەند ناوچەیەک خۆپیشاندەران دەستیان بە ئاھەنگ گێڕان کرد.