ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

لە ئێستا فشارێكی زۆر هەیە لەسەر دەستلە كاركێشانەوەی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌م دۆخه‌ ناجێگیره‌ی وڵات تێیكه‌وتووه‌، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ دروست ده‌كات و ده‌بێته‌هۆی دروستبوونی قه‌یرانێكی قووڵ له‌بری چاره‌سه‌ر و پەرلەمانیتارێکی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە، عادل عه‌بدولمه‌هدی ماوه‌ی ساڵێكه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی وه‌رگرتووه‌ و به‌رپرسیار نییه‌ له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه‌ ساڵانێكی دوور و درێژه‌ سه‌رتاپای عێراقی داپۆشیوه".

عه‌بدولئه‌میر مه‌یاحی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح راگه‌یاندووه‌: عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ئه‌نجامی رێككه‌وتنی نێوان فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كان بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، بۆیه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ناوبراو له‌م كاته‌ ناجێگیره‌دا، بیركردنه‌وه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر بارودۆخی گشتی.

مه‌یاحی وتیشی: "له‌ئێستا و له‌م دۆخه‌دا ئه‌گه‌ر عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌، ئه‌وا بۆشایی ده‌سه‌ڵات دروست ده‌بێت و كێشه‌و قه‌یرانه‌كان قووڵتر ده‌بێته‌وه‌".

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌: باشترین رێگه‌و بیركردنه‌وه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ به‌ دوای چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه‌و عه‌قڵانیدا بگه‌ڕێین بۆ ئه‌و دۆخه‌.

لای خۆشیەوە حه‌سه‌ن ئاڵی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە، "بارودۆخی به‌غدا به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌، هیچ باش نییه‌ و بۆ ئاینده‌ بارودۆخێكی زۆر هه‌ستیار و ترسناك چاوه‌ڕێی به‌غدا ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتووشدا ده‌ره‌نجامی ئه‌و توندوتژییه‌ی كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وێت".

ئاماژە بەوەش دەكات: "ئه‌گه‌ر عادل عه‌بدوامه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌، دۆخه‌كه‌ دژوار و ئاڵۆزتر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داواكاریی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ ناكرێت، چونكه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌سێكی باش بووه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌ستوور و یاساوه‌ چاكسازی بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك نه‌یاری دیاریكراو به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی حزبایه‌تییه‌وه‌ ڕێگر بوون له‌وه‌ی كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، چاكسازی له‌ عێراقدا بكات، ئێستا خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا له‌ داواكاریی خزمه‌تگوزاریی خۆپیشانده‌ران ده‌رچووه‌ و شێوه‌ی شه‌ڕێكی تائیفی و عه‌شایه‌ری و حزبایه‌تی پێوه‌ دیاره".

حه‌سه‌ن ئاڵی، باسی له‌وه‌ش كرد: "عادل عه‌بدولمه‌هدی ماوه‌ی ساڵێكه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی وه‌رگرتووه‌ و به‌رپرسیار نییه‌ له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی كه‌ ساڵانێكی دوور و درێژه‌ سه‌رتاپای عێراقی داپۆشیوه".

چەند رۆژێك لەمەوبەر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لەڕێگەی پەیامێكەوە وەڵامی (موقتەدا سەدر) رێبەری رەوتی سەدر داوە و ئاماژە بەوە كرد، پێویستە پێش هەڵبژاردنی پێشوەختە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و بوونی حكومەتێكی كار بەرێكەیش بە چارەسەر بۆ دۆخەكە نازانێت.

سەرۆكوەزیرانی عیراق لەپەیامەكەدا دەشڵێت"دەتوانن لەگەڵ هادی عامری حكومەتێكی نوێ‌ پێكبهێنن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، حكومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت چارەسەری دۆخەكە بكات، لەبەرئەوەی ناتوانێت بودجە تێپەڕێنێت و ناتوانێت ئەو چاكسازیانەی كە پێشتر رایانگەیاندوە جێبەجێ‌ بكرێت.