ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

موقتەدا سەدر هۆشداری ئەوەی دا ئەگەر سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی دەستلەكارنەكشێنێتەوە ئەوا عێراق دەبێت بە سووریا و یەمەن.

موقتەدا سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووتەوە كە لە داهاتوودا بەشداری ناكات لە هیچ هاوپەیمانیەتییەك سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەت.

سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر هەروەها گوتوویەتی "ئەگەر عادل عەبدولمەهدی دەستلەكارنەكشێنێتەوە خوێنڕشتن راناگرێت بە تایبەتیش ناچێت بە دەم داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانەوە كە داوای لێ دەكەن دەستلەكاربكشێنێتەوە".

دوێنێ‌ سێشەممە عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندبوو كە دەستلەكار دەكشێنێتەوە، ئەگەر موقتەدا سەدر لەگەڵ سەركردەی هاوپەیمانی فەتح، هادی عامری رێبكەوێت لەسەر حكوومەتێكی نوێ.

لەوبارەوە موقتەدا سەدر رایگەیاند "لەمڕۆ بەدواوە بەشدار نابم لە هیچ هاوپەیمانیەتییەك و تەنها بۆ خوای گەورە كڕنۆش دەبین".