ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکى لە سەروتارەکەیدا ئاشکرایکردووە، ژمارەیەی ئەو سەربازانەی پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن لە ڕیزی ئەو سوپایەدا زیاترە لە ژمارەی کوژراوەکانی جەنگ.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ٤٥ هەزار سەربازی لەوانەی خانەنشینکراون یان ئێستا لە ڕیزی سوپای ئەمریکادا خۆیان کوشتووە.

وەک ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ڕۆژانە ٢٠ حاڵەتی خۆکوشتن لە ڕیزی سوپای ئەمریکادا تۆمار کراوە لەو شەش ساڵەدا، بە واتای ژمارەکە زیاترە لە ژمارەی ئەو سەربازانەی ئەمریکا کە تا ئێستا لە جەنگی عێراق و ئەفغانستاندا کوژراون.

بە گوێرەی نوێترین سەرژمیری وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی خۆکوشتن لەناو سەرجەم لقەکانی سوپای ئەمریکا بە ڕێژەی دوو لەسەر سێ زیادی کردووە.

زۆربەی ئەوانەش خۆیانکوشتووە تەمەنیان کەمترە لە ٣٠ ساڵ.

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە لیژنەی چاودێری و چاکسازی لە ناو سوپای ئەمریکا ئاشکرایکردووە، ڕێژەی خۆکوشتن لە ناو ئەو سەربازانەی کە تەمەنیان لە ١٨ بۆ ٣٤ ساڵاندایە بە ڕێژەی لە ٨٠% زیادیکردووە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٦.

ڕۆژنامەکە نوسیویەتی ئەو ڕوداوی خۆکوشتنانە بە تەنها نابێتە هۆی وێرانکردنی خێزانەکان، بەڵکو دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕۆحی مەعنەوی لە ناو ئەو یەکە سەربازییەی کە ڕوداوەکەی تیا تۆمار کراوە.

زۆربەی زۆری حاڵەتەکانیش پەیوەندی هەیە بە حاڵەتی بێهوایی و شۆکەوە کە سەربازەکان لە کاتی خزمەتی سەربازی و جەنگەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کاتێک لە جەنگەکان دەگەڕێنەوە.