ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەولێر- ئاودێر

سەرەڕاى چەند کۆبوونەوەیەک، هێشتا هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا ئەنجام نەدراوە و لە دواین کۆبوونەوەى شاندەکەى حکوومەتى هەرێمیش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق تەنیا "جۆرێک لە لێکتێگەیشتن هەبووە"، بەپێى زانیارییەکانیش پرسی دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێم یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکان بووە، ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیش هۆشدارى لە ڕێککەوتنى هەولێر و بەغدا دەدات و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات دەنگدان لەسەر بودجەى ساڵى داهاتوو، پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بە ڕێککەوتنى هەولێر و بەغداوە هەیە.

ڕۆژى 23ى ئەم مانگە شاندێکی حکوومەتی هەرێم، کە پێکهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و خالید شوانی وەزیری هەرێم، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گفتوگۆ سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق و تیمێکى هونەرى سەر بە وەزارەتى دارایی و نەوتى هەردوولا کۆبوونەوە.

هەرچەندە ئەم کۆبوونەوەیە درێژکراوەى کۆبوونەوەکانى دیکەیە کە هەریەکە لەنێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو مەبەستە پێشتر چووبوونە بەغدا، بەڵام بەپێى زانیارییەکان ئەم کۆبوونەوەیەش بەبێ بوونى هیچ ڕێککەوتنێک کۆتایی هاتووە.

فارس عیسا بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کۆبوونەوەیەکى دیکە لە نێوان شاندەکەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى بەغدا ئەنجام دەدرێت. فارس عیسا باس لەوەش دەکات لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکان گفتوگۆ لەبارەی نەوت، بودجەی هەرێمی کوردستان کراوە؛ "کۆبوونەوەیەکى باش ئەنجامدراوە، هیچ ناکۆکییەک لەنێوانماندا نەبووە و هەردوولا گەیشتنە ئەنجامێکی باش، لە دوو ڕۆژی داهاتووش کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان شاندی هەرێم و بەغدا دەکرێت و ڕێککەوتنی کۆتایی واژۆ دەکرێت".

بەپێى زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چەند خاڵێک بۆچوونى هاوبەش هەبووە، کە گرنگترینیان هەرێمى کوردستان ئامادەیی خۆى نیشانداوە بۆ هەناردەکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە لەسەرەتاى ساڵى 2010ەوە و لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتى نەوتى عێراق هەموو ئامادەکارییەکى کردووە، بەغداش ئامادەیی بۆ ناردنى بودجە و مووچەی فەرمانبەرانى هەرێم دەربڕیوە، بەڵام لەسەر داهاتەکانى دیکە و هاوکات پرسی دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان ناکۆکى هەبووە و ڕێککەوتن نەکراوە. 

ئاڵا تاڵەبانى ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاى دەگەیەنێت، بەهۆى ئەو دۆخەى کە ئێستا لە عێراق هەیە، هێشتا بودجە نەهاتووەتە پەرلەمانى عێراق، باس لەوەش دەکات کە چوونى وەفدى هەرێم بۆ بەغدا دەستپێشخەرییەکى باش بوو لەم کاتەدا، چونکە بودجەى هەرێم پەیوەندى بە نەوتەوە هەیە؛ "یەکێک لە بڕگە گرنگەکانى بودجە و تێپەڕاندنى ڕێککەوتنى هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنى نەوت و بودجەى هەرێمى کوردستانە"، ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە بایەخەوە باس لە کۆبوونەوەکانى هەولێر و بەغدا دەکات و دەڵێت: "کۆبوونەوەکەی هەولێر و بەغدا ئیجابی بووە، بەو پێیەى لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا هەبووە، لەبارەى ناکۆکۆى هەولێر و بەغدا لەسەر چەند پرسێک بەتایبەتى قەرزى کۆمپانیا نەوتییەکان، ئاڵا تاڵەبانى ڕوونى دەکاتەوە کە ئەوان تا ئێستا وردەکارى لێکتێگەیشتنەکەى هەولێر و بەغدا نازانن؛ "تا بودجە نەیەتە پەرلەمان، دیار نابێت ئەو مادەیەى پەیوەندی بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە لە یاسای بودجەدا چۆن دەنووسرێتەوە".

پرۆژە یاسای بودجەی ساڵى داهاتوو کە پێویست بوو لە 10ی تشرینی یەکەم بچێتە پەرلەمان، هێشتا لای حکوومەتی عێراقە، دواتریش بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییان ناردنى ئەم پرۆژەیە جارێکی دیکە دواخرا بۆ 10ی تشرینی دووەم، بەڵام ئەم جارەش نەتوانرا پڕۆژەکە رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بکرێت، جگە لە ناڕەزایەتییەکانى شەقامى عێراقی، ڕێکنەکەوتنى هەولێر و بەغدا هۆکارێکى دیکەى دواکەوتنى ناردنى پڕۆژەکەیە بۆ پەرلەمان، سەرەڕاى ئەوەى بڕیارە هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵى 2020 بچێتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا هەولێر و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنى فەرمى، بۆیە ئەگەرى زۆرى داوکەوتنى پڕۆژەکە لەئارادایە.

ڕێکنەکەوتنى هەولێر و بەغدا بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى ساڵى داهاتوو، لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2019ش سەرباری ئەوەی ڕێککەوتن کرابوو، بەڵام هیچ کامیان پابەندنەبوون، کە بەگوێرەى ڕێککەوتنەکە پێویست بوو بەغدا مانگانە 522 ملیار دینار بدات بە هەرێمی کوردستان و لە بەرانبەریشدا هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بداتە کۆمپانیاى سۆمۆ.