ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن کە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت و 200 هەزاریش خۆی بیفرۆشێت، بەوەش کۆی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 450 هەزار بەرمیل دیاریکراوە، کە بەیەکەوە پابەند بن بە رێککەوتنی ئۆپێک.

لە بارەی کۆبوونەوەی ئۆپێکیشەوە وەزیری نەوت رایگەیاند، تاوتوێی کەمکردنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە دەکرێت کە بڕی کەمکردنەوەکە لە ملیۆنێک و 200 هەزارەوە بۆ ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیل نەوت کەمبێتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق لە نوێترین لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان باسی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە یەکەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دیاری دەکەن بۆ ئەوەی 100% پابەندی رێککەوتنی ئۆپێک بن.

سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق گوتی: "ئەوەی تا ئەمڕۆ هاتووە بەردەوامی بووە لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەمساڵدا بە بڕی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە، کە عێراق پابەندی رێککەوتنەکە بووە. هاوکات بیر لەوە کراوەتەوە ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر دابەزێندرێت، کە رەنگە 400 هەزار بەرمیلی دیکە بێت رۆژانە".

غەزبان، لەبارەی خۆپیشاندانەکان و ئاڵۆزییەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کاریگەری لە سەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گوتی: "لە دوو مانگی رابردوودا لە مانگی 10 و 11، وەزارەتی نەوت رووبەڕووی تەحەدای زۆر قورس و ئاڵۆز بووەوە. بەڵام وانەمان لە ئەنجەماکان وەرگرت، ئەنجامەکان هەروەک دەبینن کە لە بەغدا دەژین هیچ کێشەیەکمان لە بەرهەمە نەوتییەکان لە تەواوی وڵاتدا نییە لە باکوور بۆ باشوور لە رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا".