ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی داوای لە دەسەڵاتی دادوەرەیی وڵاتەکەی کرد کە دادگایەکی تایبەت پێکبهێنێت بە ئامانجی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە خستنەخوارەوی فڕۆکە ئۆکراینییەکە.

حەسەن روحانی لە گوتارێکدا کە کەناڵی پرێس تیڤی پەخشی کرد، بە گرنگی زانی ئەو کەسانە دادگایی بکرێن کە بەرپرسن لە خستنەخوارەوی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و گوتی: "داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکەم دادگایەکی تایبەت بەسەرۆکایەتی گەورە دادوەرێک پێکبهێنێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانە دادگایی بکات کە بەرپرسن لە خستنەخوارەوی فڕۆکە ئۆکراینییەکە".

سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەتەکەی بەرپرسە لە بەردەم ئێرانییەکان و ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییانیان لە رووداوی خستنەخوارەوی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا گیانیان لەدەستداوە و گوتی: "خستنەخوارەوی فڕۆکە ئۆکراینییەکە هەڵەیەکە لێخۆشبوونی نییە".

حەسەن روحانی هەروەها ستایشی هەڵوێستی سوپای پاسدارانی کرد و گوتی: "سوپا هەنگاوێکی باشی ناوە کە بە ئاشکرا دانی بەهەڵەی خستنەخوارەوی فڕۆکە ئۆکراینییەکە ناوە، گرنگە تۆمەتبارانی سەرەکی ئەو هەڵە بە نا ئەنقەستە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن".

هەشتی ئەم مانگە فڕۆكه‌یه‌كی سەربە هێڵی ئاسمانی ئۆكراینا له‌ جۆری "Boeing 737" کە له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئیمام خومه‌ینی شاری تاران به‌ره‌و شاری كییڤ پایته‌ختی ئۆكراینا گه‌شتی دەکرد، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی كه‌وتەخواره‌وه‌.

دوای رووداوەکە گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، قاسم بینیاز رایگەیاندبوو کە سەرجەم سه‌رنشینانی فڕۆكه‌كه‌ کە ژمارەیان ١٧٦ کەسە گیانیان لەدەستداوە.

دواتر سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێران بەهەڵە فڕۆکەکەی خستووەتە خوارەوە.