ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فەرماندەیی ئوپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەو دەنگۆیەی کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات، رەت دەکاتەوە و رایگەیاند کە ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە.

لەو بارەوە گوتەبێژی فەرماندەیی ئوپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێداونێکدا گوتی:"ئەو دەنگۆیەی کە باس لەوە دەکات هێزەکانی ئەمریکا لە ١٥ بنکە لە عێراق کشاونەتەوە، هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە".

لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی:"دەنگۆی دیکە بڵاوکراوەتەوە لەوەی گوایە هەریەک لە بەریتانیا، ئوسترالیا و ئەڵمانیا داوایەکیان پێشکەش بە فەرماندەیی ئوپەراسیۆنە هاوبەشەکان کردووە و تیایدا داوای کشانەوەی هێزەکانیان دەکەن لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئەو دەنگۆیەش دوورە لە راستییەوە و هیچ داوایەکی لەو جۆرە پێشکەش بە فەرماندەیی ئوپەراسیۆنە هاوبەشەکان نەکراوە".

لە پێنجی مانگی رابردوودا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، دەنگی دا لەسەر بڕیارێك كە تیایدا داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات كۆتایی بهێنێت بە بوونی سەربازی ئەمریكا لە عێراق.

دواتر حكوومەتی عێراق داوای لە ئەمریکا کردبوو کە شاندێک بەمەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی رەوانەی بەغدا بکات، بەڵام ئەمریکا رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەک لەوبارەوە ساز بکات.

لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکان لە سەرتاسەری عێراق جێگیرکراون.