ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 گومان لەسەربەخۆبوونى کابینەکەى عەلاوى دەکرێت

ڕێگاى کوردستان

پاش نزیکەى سێ مانگ لە دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق و دواى تێپەڕبوونى نزیکەى مانگێک لە دیاریکردنى محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێکهێنانى حکوومەت، ئاڵۆزی سیاسی و خۆپیشاندانەکان کۆتاییان نەهاتووە و جگە لە خۆپیشاندەران، کاندیدى نوێ تا ئێستا نەیتوانیوە متمانەى لایەنەکان، بەتایبەتى بەشێک لە کورد و سوونە بەدەست بهێنێت.

ڕۆژی 4/12/2019 نامەی دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دوای پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، گەیشتە سەرۆکایەتی کۆمار و دواى نزیکەى دوو مانگ لەو ڕێککەوتە دواجار بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکوومەتى نوێ ڕاسپارد.

ئەگەرچی نزیکەى مانگێک بەسەر دیاریکردنى عەلاوى بۆ پێکهێنانى حکوومەت تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هیچ دەرچەیەکى ڕوون بۆ پێکهێنانى کابینەکەى نابینرێت و جگە لە بەردەوامى ناڕەزایەتییەکانى خۆپیشاندەران، هاوکات بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانیش تا ئێستا پشتگیرییان نەکردووە و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەگەڵى.

جگە لەوەى بەشێک لە شیعە هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە بە دەنگدان بە کابینەکەى عەلاوى، هاوکات بەشێک لە سوونە و کوردیش پێناچێت پشتگیرى پێکهێنانى حکوومەتى نوێ بکەن بەو شێوەیەى کە کاندیدى ڕاسپێردراو دەیەوێت، بەتایبەتى لە پرسی دیاریکردنى پۆستە وزارییەکاندا، ئەمەش لە کۆبوونەوەکەى لەگەڵ شاندە کوردییەکەدا بەڕوونى دەرکەوتووە.

بەگوێرەى زانیارییەکان کە لە شاندە کوردییەکەوە دەست (ڕێگاى کوردستان) کەوتووە، یەکێک لە ناکۆکییەکانى بەشێک لە هێزە سیاسییەکان لەگەڵ عەلاوى دیاریکردنى کاندیدەکانى کوردە بۆ پۆستە وزارییەکان، بەشێوەیەک هێزە سیاسییەکانی کورد دەیانەوێت ئەوان خۆیان پۆستە وزارییەکان و کاندیدەکەیان دیاری بکەن و لە بەرانبەریشدا کاندیدى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکوومەت ئەمەى ڕەت کردووەتەوە.

ڕازی نەبوونى محەممەد تۆفیق عەلاوی بەم داواکارییە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە ناوبراو دەیەوێت کابینەیەکى سەربەخۆ و دوور لە دەستێوەردانى هێزە سیاسییەکان پێکبهێنێت، بەشێوەیەک بەبێ گوێدانە پشک و پشککارى هێزە سیاسییەکان بێت وەک ئەوەى کە پێشتر کراوە، کە ئەمەش بەلاى بەشێک لە هێزە سیاسییەکانەوە ڕەتکردنەوەى ئەو بنەما تەوافوقییەیە کە عێراقی نوێى لەسەر بنیاتنراوە.

بەگوتەى زیا پترۆس ئەندامێکی شاندی هەرێمی کوردستان لە پێکهاتەی مەسیحییەکان بۆ بەغدا، یەکێک لە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ عەلاوى ئەوە بووە کە ناوبراو دەیەوێت وەکو پارێزگایەکی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا بکات، کە ئەمەش بەلاى کوردەوە نەگونجاوە و پێچەوانەى بنەما دەستورو و یاساییەکانە.

زیا پترۆس ئەگەرچی جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەکۆبوونەوەکەیان لەگەڵ کاندیدى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکوومەت جەختیان لە پاراستنى مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستى دەزانێت کە هەرێمى کوردستان زانیاری لەسەر ئەو کەسانە هەبێت کە بەناوى کوردەوە دەکرێن بە وەزیر لە حکوومەتى نوێدا.

ئەگەرچی عەلاوى جەخت لە پێکهێنانى حکوومەتێکى سەربەخۆ دەکاتەوە، بەڵام بەشێکى زۆر لەلایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتى سوونە و کورد، گومانیان لە هەنگاوێکى لەو شێوەیە هەیە، هەربۆیە پێدەچێت بەمەرجى ئەوەى هەموو وەزیرەکان سەربەخۆ و بێلایەن بن، یاخود سەر بە پارتە سیاسییەکان نەبن پشتگیرى بکەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر لەناو وەزیرەکاندا کەسانی حزبی هەبن، یاخود پارتە سیاسییەکان بەربژێریان کردبن، ئەوا دەنگ بە کابینەکە نادەن.

هەرچەندە محەمەد تۆفیق عەلاوی پەیمانی ئەوەی داوە پێکهێنانی حکوومەتەکەی بە دوور بێت لە بەش بەشێنەی تائیفی ‌و سیاسی، بەڵام بەشێک لە چاودێرانى سیاسی دۆخەکە ئەمە بە هەنگاوێکى کردەیی نابینن و بۆچوونیان وایە کە عەلاوى خۆشی لەژێر ڕەحمی ئەو بەش بەشێنەیەوە هاتووە.

ڕافد جبوری لەنووسینێکدا بەناوى کورد و حکوومەتى ئایندەى عێراق باسی لەم ناکۆکی و دژیەکییە کردووە و ڕوونى کردووەتەوە کە بیرۆکەى نیشتمانى کۆکەرەوە کە خۆپیشاندەران زیندوویان کردووەتەوە پێویستى بە میتۆدێکى پراکتیکى بۆ جێبەجێکردنى لەسەر ئەرزى واقیع هەیە بۆ ڕەفتارکردن لەگەڵ جومگەکانی بەش بەشێنەی سیاسی. ئەو نووسەرە باسی لەوەش کە هەنگاوێکى لەو شێوەیە ناکۆکە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانى کورددا، ئەو تایبەتمەندییەی لە سەرەتای پێکهاتنی حکوومەتی نوێی عێراقەوە پێش 100 ساڵ بوونی هەیە.

بەشێک لە چاودێرانى دۆخی سیاسی عێراق بۆچوونیان وایە کە محەمەد عەلاوى بەبێ ڕازى کردنى لایەنە سیاسییەکان ناتوانێت لە پێکهێنانى کابینەکەیدا سەرکەوتوو بێت، بەوپێیەى دواجار ئەو هێزە سیاسییانە لە ڕێگەى نوێنەرەکانیانەوە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق گرفتى بۆ دروست دەکەن و متمانە بە وەزیرەکانى نادەن، تەنانەت بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هەڕەشەى ئەوەش دەکەن ئەگەر کابینەکە دەنگى پێویستیش بهێنێت ئەوان مامەڵەى لەگەڵ ناکەن.

هەڵبەتە کورد و سوونە وەکو دوو پێکهاتە گومانیان لەم کابینەیە هەیە و لە چەند هەنگاوێکى ناڕازین، بەڵام ئەم دوو لایەنە لەژێر فشارى ئەمریکادان و ئەو وڵاتە نایەوێت لەوە زیاتر عێراق لە بۆشایی ئەمنیدا بمێنێتەوە، هەربۆیە هۆشدارییانداوە بە بەو دوو پێکهاتەیە بەوەی نابێت لەپرۆسەی سیاسی عێراق دووربکەنەوە.

بەگوێرەى هەواڵێکى پێگەی دیبیکای هەواڵگیری کە زانیارییەکانى لە راپۆرتێکی ئەمریکیدا ئاشکرا کردووە واشنتۆن هۆشداریداوە لەتەقینەوەی دۆخی ناوچە سوننی‌و کوردییەکان لەباکووری عێراق، بەتایبەتی ئەگەر کێشە سیاسییەکان بەردەوامیان هەبێت.

ڕاپۆرتەکە هۆشداری ئەوەشی داوە، کە مانەوەی عێراق بەبێ‌ سەرۆک وەزیران کێشە ئابووری و سیاسییەکان زیاتر دەکات، بەتایبەتی لەپارێزگا سوونی‌ و کوردییەکان، بۆیە دەبێت ئەو دوو لایەنە بچنە پێشەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەپێچەوانەوە هۆشدارى ئەوە دراوە کە دۆخی عێراق لەکۆنتڕۆڵ دەردەچێت.

بەگوێرەى زانیارییەکان، کورد پێویستە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕیارى یەکلاکەرەوە بدات، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندى دانوستانکار پاش گەڕانەوەى بۆ هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرکردایەتى سیاسی هێزە دەسەڵاتدارەکان کۆ ببێتەوە.

ئارەزوو مەحموود ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەپێویستى دەزانێت کە سەرکردایەتى سیاسی کوردستان ڕەزامەندى لەسەر کاندیدەکانى کورد بۆ پۆستە وزارییەکان نیشان بدات، گوتەى ئەم پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەى زانیارییەکان عەللاوى بە شاندەکەى وتووە کە لە دەستنیشانکردنى ئەو کەسانە ناکشێتەوە کە وەکو نوێنەرى کورد بۆ پۆستە وزارییەکان کاندیدى کردوون.

دکتۆر مەحموود عوسمان کەسایەتى دیارى هەرێمى کوردستان و پەرلەمانتارى پێشوشوترى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بۆچوونى وایە کە ئاساییە کاندیدى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکوومەتى نوێ خۆى کاندید بۆ پۆستە وزارییەکان دیاری بکات بە کوردیشەوە، بەڵام بەو مەرجەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانیش بۆچوونیان لەسەر بەرکەوتەکانى کورد هەبێت. گوتیشی پێویستە عەللاوى چەند کەسێکی سەربەخۆ وەک ئەوەى کە خۆى دەویەوێت بۆ وەرگرتنى پۆستە وزارییەکان لە بەرکەوتەى کورد دیاری بکات، لەبەرامبەریشدا هێزە سیاسییەکان لەو کاندیدانە چوار کەسیان هەڵبژێرن، واتە ئەوانیش بۆچوونى خۆیان هەبێت، "ناکرێتهیچ حسابێک بۆ هێزە سیاسییەکان نەکرێت".

ئەو چاودێرە سیاسییە بۆچوونیشى وایە کە ئەوەى بۆ هەرێمى کوردستان گرنگە جێبەجێکردنى داواکارییەکانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستانە، لە مووچە و بوودجە و مادەى 140 و پێشمەرگە و مافە ڕەواکانى دیکە، نەک نوێنەرەکەى هەرێم لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق سەر بە چ لایەنێکى سیاسییە، "بەتایەبتى ئەگەر نییەتێکى پاک لەلایەن عەللاوییەوە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان هەبێت".

دواى تێپەڕوونى نزیکەى سێ مانگ بەسەر دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهادى، هێشتا هیچ وادەیەک بۆ پێکهێنانى ئەم کابینە نوێیە دیاری نەکراوە و تاکو ئێستاش بەهۆى شکستى عەللاوى لە ڕازى نەکردنى بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان و خۆپیشاندەرانەوە کە لە بنەڕەتدا دوو دنیابینى جیاوازیان هەیە، دیار نییە کەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەسەر ئەم پرسە کۆ دەبێتەوە و کۆتایی بەم دۆخەى ئێستا دەهێنرێت.