ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ته‌ندروستی جیهانی: ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سوریاو یه‌مه‌ن ده‌ستیپێكردوه‌

 عه‌بدولنه‌سیڕ ئه‌بوبه‌كر، سه‌رۆكی تیمی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بۆ خۆپاراستن له‌نه‌خۆشیه‌ گوازراوه‌كان، له‌لێدوانێكدا بۆ تۆڕی هه‌واڵی "CNN"ی ئه‌مریكی رایگه‌یاندوه‌، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی سه‌باره‌ت به‌دۆخی یه‌مه‌ن و سوریا نیگه‌رانیه‌كی زۆری هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆكاری تۆمارنه‌كردنی توشبوانی كۆرۆنا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و دو وڵاته‌وه‌ مه‌رج نیه‌ نەبونی ڤایرۆسەكە بێت، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ بۆ لاوازی چاودێری ته‌ندروستی سوریاو یه‌مه‌ن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

عه‌بدولنه‌سیڕ ئه‌بوبه‌كر ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سوریاو یه‌مه‌ن ده‌ستیپێكردوه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌ وڵاتانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ تۆماركردنی توشبوان پشتڕاستبكه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكیشدا تا ئێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نیه‌ ئه‌و قسانه‌ بسله‌مێنێت، به‌ڵام دره‌نگ بێت یان زو، پێشبینیده‌كه‌ین، ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره‌ له‌ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌سوریاو یه‌مه‌ن روبدات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كانی توشبون لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست په‌یوه‌ندی به‌گه‌شتكردن بۆ ئێران هه‌یه‌، وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی خێرا هه‌ماهه‌نگیان كردوه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ رێكاره‌كانی به‌رگرتن له‌ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی كۆرۆنا، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی ئێران و گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كان زۆر دره‌نگ بوه‌.

هه‌ریه‌ك له‌سوریاو یه‌مه‌ن دو وڵاتی عه‌ره‌بین تاوه‌كو ئێستا بەفه‌رمی هیچ حاڵه‌تێكی توشبون به‌ڤایرۆسی كۆرۆنایان رانه‌گه‌یاندوه‌.