ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا هاوکاریی ئابووری، سیاسی و ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکایان تاوتوێکرد.

دوێنێ هەینی 2020/05/22 نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "کازمی بە تەلەفۆن لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا قسەی کرد و قەیرانی ئابووریی جیهانی و کاریگەرییەکانیان لەسەر نرخی نەوت و رەنگدانەوەی لەسەر ئابووریی عێراق و رێگەی چارەسەریان تاوتوێ کرد".

هاوکات لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان هەردوو وڵات کراوە. 

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر رایگەیاند، "عێراقییەکان شیاوی ئەوەن خاوەن حکومەتێک بن کە گەندەڵ نەبێت، پێداویستییەکانیان دابینبکات و پابەندبێت بە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە ئابوورییەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە".

مایک پۆمپەیۆ لەبارەی رێککەوتنی هێزە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ رایگەیاندبوو، "هیوادارین ئەم حکومەتە بەرژەوەندییەکانی عێراق و داخوازییەکانی گەلەکەی بەدیبهێنێت".