ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری ناوخۆی عێراق، عوسمان غانمی دەستبەسەرکردنی سێ کارمەندی ئەمنی بەتۆمەتی کوشتنی دوو خۆپیشاندەر لە ناوەڕاستی بەغدا، راگەیاند.

عوسمان غانمی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بەغدا رایگەیاند "لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە رووداوەکانی گۆڕەپانی تەیەڕان ناوەڕاست بەغدا کۆتایی بە کارەکانی هێنا".

عوسمان غانمی گوتی "لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە دوو (خۆپیشاندەرە) شەهیدەکە بە گوللـەی تاپڕی ڕاوکردن برینداربوونەوە" و ئاماژەی بەوە دا کە "سێ کارمەندی ئەمنی لەکاتی رووداوەکەدا تاپڕی خۆیان پێ بووە، ئەمەش سەرپێچی رێنماییەکانە".

وەزیری ناوخۆی عێراق روونیکردەوە کە "دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی داوە بە دەستبەسەرکردنی ئەو سێ کارمەندەی هێزە ئەمنییەکان بەتۆمەتی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران"، و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە "وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە بەمەبەستی لێپێچنەوە لەو کارمەندانەی هێزە ئەمنییەکان کەمتەرخەم بوونە".

عوسمان غانمی لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەڕێوەچوونی ئاشتییانەی خۆپیشاندانەکان بپارێزن.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ماوەی ٧٢ کاتژمێر مۆڵەتی بە دەزگا ئەمنییەکان دا بەمەبەستی راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی رۆژی یەکشەممەی رابردووی گۆڕەپانی تەیەڕان ناوەڕاستی بەغدا.

هەر ئەمڕۆ راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، هیشام داود رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە سەریانهەڵدا، ٥٦٠ کەس کوژراون.

لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق بەڕێوەچوون و بەوهۆیەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی عیراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، یەکێک لە بەڵێنەکانی حکوومەت ئاشکراکردنی ژمارەی راستەقینەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان بوو، لەم چوارچێوەیەدا حکوومەت لیژنەیەکی بەمەبەستی ئامادەکردنی لیستی ناوی کوژراوان و بریندارانی خۆپیشاندانەکان پێکهێنا و ئەمڕۆش بە فەرمی ژمارەی کوژراوان راگەیەنرا.