ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

  ئیداره‌ی جۆ بایدن سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كانی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی پێشوی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات، به‌تایبه‌ت كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ عێراق و ئه‌فغانستان.

به‌رپرسانی پنتاگۆن ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی واڵ ستریت جۆرناڵ پشتڕاستیانكرده‌وه‌ كه‌ لوید ئۆستن وه‌زیری نوێی به‌رگری پێداچونه‌وه‌ به‌ ژماره‌ی هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان و عێراق ده‌كات له‌ هه‌وڵی به‌دواداچونه‌ بۆ ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌.

له‌ دانیشتنی هه‌فته‌ی ڕابردودای وه‌زاره‌تی به‌رگریدا، لوید ئۆستن رایگه‌یاند، پێداچونه‌وه‌ ده‌كات به‌ ستراتیژ و سه‌رچاوه‌كان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ئه‌فغانستان، به‌ڵام جۆن كیربی وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی رایگه‌یاند، به‌رپرسانی پنتاگۆن هێشتا بڕیارێكی فه‌رمیان نه‌داوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانیان له‌ هیچ وڵاتێك.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكرد، هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه‌ سه‌باره‌ت به‌ خواستی ئێمه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خه‌ڵكی خۆمان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان، هاوكات دڵنیاشین له‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ سه‌رچاوه‌ی دروست بۆ ستراتیژی خۆمان دابینده‌كه‌ین.

ڕۆژی هه‌ینی ڕابردو ئیداره‌ی بایدن ڕایگه‌یاند كه‌ چاو به‌و ڕێككه‌وتنه‌دا ده‌خشێننه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ تاڵیبان كراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ تاچه‌ند پابه‌ند بوه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی له‌ چوارچێوه‌ی پابه‌ندبونه‌كانی به‌ پێی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاشتی ساڵی ڕابردو