ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

لەگەڵ بەردەوامی پەرەسەندنە سیاسیەكانی عێراق و تێكچوونی دۆخی سیاسی وڵات، رێژەی هەژاری و بێكاریش تا دێت زیاتر دەبێت، لەبەرانبەریشدا قەبارەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی گەیشتووەتە مەترسیدارترین ئاستی.

لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا هاووڵاتییانی عێراق دەیان خۆپیشاندانیان لەناوچە جیاوازەكان، بەتایەبتی لە موسڵ و دواتریش لە بەغدا، بۆ باشكردنی دۆخی ژیانیان ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا سەرەڕای كوشتن و برینداربوونی هەزاران كەس و گۆڕینی چەند كابینەیەكی حكومی، بەڵام هێشتا دۆخەكە بەرەو خراپتر هەنگاوی ناوە.

بەگوێرەی ئامارەكان، ئەگەرچی دابەشبوونی رێژەی هەژاری لە عێراق لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە جیاوازی هەیە، بەڵام وەك شارەزایانی ئابوری باسی دەكەن رێژەكە لە چەند ناوچەیەك مەترسیدارە، بەتایبەتی لەناوچەكانی خوارووی عێراق.

بەرزبوونەوەی بەردەوامی رێژەی هەژاری لە عێراق لەكاتێكدایە كە وڵاتەكە لە مانگی ڕابردوودا، بە بەهای 11 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار، نەوتی فرۆشتووە، بەڵام لەبەرانبەردا نزیكەی 2 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی عێراقی پێویستییەكی خێرایان بە خۆراك هەیە و سەرچاوەی بژێوییان نییە.

ئەگەرچی بەرزبوونەوەی رێژەی داهات لە عێراق بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە پێویست بوو ببێتە هۆكارێك بۆ باشتركردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیانی بوژاندنەوەی بوارە جیاوازەكان، بەڵام لەبەرانبەردا بەهۆی زیاتر بوونی قەبارەی بەهەدەردان و بوونی گەندەڵی بەردەوام، هاووڵاتیان نەیانتوانیوە سودمەند بن.

بەگوێرەی راپۆرتێكی پێشتری رێكخراوەی نەتەوەیەكگرتووەكان و بەدواداچوونەكانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق هەژاری لە عێراق چەندین لێكەوتەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە كە یەكێكیان بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوشتنە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران، كۆچی نائاسایی.

هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری، رێژەی بێكاریش بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە، بەگوێرەی ئامارێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق بەشێكی زۆری بێكارەكان دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان و رێژەكەش نزیكە 30%.

چاودێرانی ئابووری باس لەوە دەكەن كە دۆخی هەژاریو بێكاری لە عێراق زۆر لەوە زیاترە كە دەوڵەت رای دەگەێنێت، چونكە عێراق بۆ دیاریكردنی دۆخی هەژاریی هاووڵاتیانی خۆی، پشت بە دیاریكردنی ئاستی هەژاریی ڕەها دەبەستێت. واتە پێوەری "شێوازی تێچووی پێداویستییە سەرەكییەكان، بەپێی ئەم پێوەرە، هەژاری بەوە دەناسرێتەوە كە تەنیا بڕە پارەیەكت هەبێ بەشی كڕینی كاڵا خۆراكی و ناخۆراكییەكان بكات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە ئەوانەی لەخوار هێڵی هەژارییەوەن ئەو هاووڵاتیانەن،‌ كە ناتوانن پێداویستیە سەرەكییەكانی‌ ژیانیان لە خواردن‌و ئاوی خواردنەوەو جل‌و بەرگی پێویست و شوێنی مانەوەو تەندروستی‌‌و پەروەردەو هەر پێداویستیەكی‌ تر بۆ زیندوو مانەوەو ژیانێكی‌ ئاسایی دابین بكەن.هاوكات بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێكاری لە عێراق لەدوای ساڵی 2005ەوە بە نائاسایی ناو دەبەن و نەبوونی هیچ پلانێكیش بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، وەك سەرچاوەی سەرەكی بەردەوامی كێشە و ناڕەزاییەكانی هاووڵاتیان و دواتریش تێكچوونی دۆخی سیاسی لێك دەدەنەوە.