ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی روسیا رایگەیاند، ئەوەی لەئێستادا لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت بەرپرسیاریەتییەکەی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا دەگەڕێتەوە، چونکە ئەوان هانی کیێڤیاندا تاوەکو کاربکات بۆ خاوەنداریەتی چەکی ئەتۆمی، ئەو هەنگاوەش مۆسکۆ رێگەی پێنادات چونکە مەترسییە لەسەر ئاسایی نەتەوەیی وڵاتەکەیی.

لیونید سلۆتسکی، سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی روسیا لەلێدوانێکدا باسی لەوەشکردوە، وڵاتانی رۆژئاوا دەیانزانی کە روسیا رێگە نادات ئۆکرانیا ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆم، سەرەڕای ئەوەش هانی ئەو وڵاتەیان دا تاوەکو روبەروی روسیا ببێتەوە، بەوهۆیەش ئۆکرانیا بو بە گۆڕەپانێک لەلایەن وڵاتانی دەرەکییەوە بۆ شێواندنی ناوبانگی روسیا.

باسی لەوەشکردوە، گفتوگۆکانی نێوان هەردو وڵات راگیراون و داهاتویان دیار نیە، لە هەمانکاتیشدا پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست دابەزیون.

پەیوەست بە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیش ئەو بەرپرسە روسییە باسی لەوەکردوە، وڵاتانی عەرەبی پشتیوان بون بۆ ئەوەی ئاسایشی نێودەوڵەتی پارێزراوبێت و نەچونەتە ژێر پاساوەکانی ئەمریکا بۆ دروستبونی مەترسی جیهانی، بەوهۆیەش تائێستا بە فشارەکانی واشنتن رازی نەبون بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت، بەمەبەستی جێگرتنەوەی ئەو نەوتەی روسیا هەناردەی دەرەوەی دەکات.