ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەیام ھەژار- ڕێگای کوردستان

مۆسکۆ دەڵێت، مانگی دەستکردی خەیام کە ئێران رۆژی سێشەممە لە کازاخستان هەڵیدایە بۆشایی ئاسمان، کۆمپانیا رووسییەکان لەسەر داواکاریی ئێران دروستیانکردووە، تارانیش دەڵێت، دەستکردی خۆیانە و تەنانەت وشەی تێپەڕەکەشی لای خۆیانە کە هیچ وڵاتێکی دیکە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 2022/8/9، مانگی دەستکردی خەیام لە وێستگەی بۆشایی ئاسمانی بایکۆنوور لە کازاخستان بەرەو بۆشایی ئاسمان نێردرا.

کێشی ئەو مانگە دەستکردە 600 کیلۆگرامە و لە مەودای 500 کیلۆمەتری زەویدا جێدەگرێت.

عیسا زارع پوور، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران دەڵێت، تەنیا هۆکار کە مانگەکەیان لە رێگەی مووشەکی رووسیاوە رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە ئەوەیە کە ئەوان توانای هەڵدانی تەنێکیان نییە بۆ بۆشایی ئاسمان کە کێشی لە 600 کیلۆگرام قورسترە، ئەوان تەنھا دەتوانن مانگی دەستکردی 50 کیلۆگرامی رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکەن و جێگیری بکەن.

ھەروەھا گوتیشی، ئێران بەرنامەی هەیە تاوەکو 3 ساڵی دیکە خۆی مانگی دەستکردی 600 کیلۆگرامی لە بۆشایی ئاسماندا جێگیر بکات.

بەگوتەی بەرپرسانی ئێران، ئامانج لە هەڵدانی مانگە دەستکردەکە بۆ چاودێریکردنی سنووری وڵاتەکەیە، ھەروەھا ئامانجێکی دیکەش چاودێریکردنی گەشەی بەرهەمی کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاو و کارەساتە سرووشتییەکانە.