سوپای تورکیا دەستیکردووە بە گواستنەوەی هێزی زیاتر بۆ سنوورەکانی سووریا.
رۆژنامەی سەباح-ی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، سوپای تورکیا دەستیکردووە بە گواستنەوەی هێزەکانی خۆی بۆ سەر سنووری سووریا، هەروەها سوپای ئازادی سووریای سەر بە تورکیا ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی رۆژئاوای کوردستان.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە "سوپای تورکیا دەیەوێت، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ئەنجامبدات و هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە لە ناوچەی شەهبا دووربخاتەوە و لە رۆژهەڵاتی فورات گەماڕۆیان بدات".
هاوکات ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا گوتی: "پەکەکە لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا هەڕەشەیە، بۆیە سوورین بۆ لەنێوبردنی".
ئەردۆغان، جارێکی دیکە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و بەهۆی پشتگیرییەکانیش لە یەپەگە رەخنەی لە ئەمەریکا گرت.