ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەوڵەكانیان بۆ رزگاركردنی ژنانی ئێزدی بەردەوامە و تا ئێستاش زیاتر لە سێ هەزار و 150 خانمیان رزگاركردووەو گەڕێندراونەتەوە بۆ لای كەسوكاریان.

رۆژی دووشەممە 6ی ئابی 2018 سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "لە كارەساتەكەی شەنگال و داگیركردنی شەنگال لەلایەن چەكدارانی داعشەوە نزیكەی شەش هەزار و 400 خانمی ئێزیدی بێ سەروشوێن كران، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەشدا هەوڵ و تەقەلای زۆردراوە بۆ دۆزینەوە و گەڕانەوەی ئەو خانمانە، تا ڕادەیەكی باشیش هەوڵەكان سەركەوتوو بوون".

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكرد، "شێواز زۆربووە بۆ زانیاری و گەڕانەوەی ئەو خانمانە، هەندێك لەوانە لە دەرەوەی عێراق بوون، تا ئێشتاش بەشێك لەوانە بەپێی هەندێك زانیاری لە دەرەوەی عێراقن بۆیە هەوڵەكان بەردەوامن لە ڕێگای پەیوەندی جۆراوجۆر تا هەوڵی ڕزگاركردنیان بدەین بەهەر شێوازێك بێت".

دزەیی راشیگەیاند، تا ئێستا سێ هەزار و 200 خانمی ئێزدی رزگارنەكراون و لە شوێنی جیاجیادا لە ژێردەستی داعشدا ماون، بەڵام توانراوە زیاتر لە سێ هەزار و 150 ژنی ئێزدی رزگاربكرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ لای كەسوكاریان.

سەفین دزەیی رونیكردەوە، "حكومەتی عێراق هاوكاری ئەو ئاوارانەش ناكات كە لەهەرێمی كوردستانن چ جای ئەوانەی ونبوون، لەم پڕۆسەیەدا خەڵكانێكی دڵسۆز هەبوون بەڕێگای خۆیان هەوڵیان داوە چ وەك كەسایەتی چ وەك ڕێكخراو ئەوانە جێی دەستخۆشیە، بەڵام ئەوەی كاریگەری هەبووبێت یا ئەنجامی هەبووبێت هەوڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە".