ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای ئەوەی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌هاوكاری هه‌ردو زانكۆی ته‌كنیكی ئۆستراڤا/ لقی هه‌ولێر و، زانكۆی (په‌لازكی) ده‌رفه‌تی (30) سكۆله‌رشیپی بۆ خوێندنی پزیشكی گشتی و، پزیشكی ددان ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی (5/8/2018) بەچاودێری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بۆ کاندیدانی سکۆلەرشیپی چیک لە زانكۆی ته‌كنیكی ئۆستراڤا/ كه‌مپسی هه‌ولێر بەڕێوەچوو.

تاقیکردنەوەکە لەپرۆسەیەکی شەفاف و بەپێی پێوەرە زانستییەکان لەکەش و هەوایەکی زانستی لەبار، لەلایەن ژماره‌یه‌ك پرۆفیسۆری زانكۆی (په‌لازكی)یه‌وه‌ به‌رێوه‌بردرا و، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیش ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌كه‌ی کرد و، تیایدا ( 74) کاندید کە پێشووتر ناوەکانیان لە قۆناخی یەکەمی پێشبڕکێدا له‌ پڕۆسه‌یه‌كی ورد و زانسیدا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رزترین كۆنمره‌ی قۆناخی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی (شۆرت لیست کرابون) و مافی به‌شداریكردنیان هه‌بو، ته‌نها (47) كاندید له‌و ژماره‌یه‌ك چونە پرۆسه‌ی پێشبڕكێ و، به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان كرد، هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی تێچوی تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كاندیده‌كانی گرتە ئه‌ستۆ.

کاندیدە سەرکەوتوەکان بەشداری تاقیکردنەوەی توانستی زانستیان لە بابەتەکانی (بایۆلۆجی – کیمیا– فیزیا – بیرکاری– زمانی ئینگلیزی) بەزمانی ئینگلیزی ئه‌نجامدا، دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی ئایندەدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکە ڕابگەیەندرێت، بەوه‌ش کاندیدە هەمیشەییەکان دیاری دەکرێن.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ گه‌نجان و په‌ره‌پێدانی تواناكانیان له‌ زانكۆ پێشكه‌توه‌كانی جیهان، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌لی یه‌كسان، شه‌فافیه‌ت، دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.