ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی چەند باندێکی بازرگانی و مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان راگەیاند.

رۆژی دووشەممە 6ی ئابی 2018 جەلال ئەمین بەگ بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لە کارو چالاکییەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ماوەی 15 رۆژدا توانیان سێ باند دەستگیربکەن، بە بڕێک ماددەی هۆشبەرەوە، کە پێکهاتوون لە شیشە، حەشیش، هێرۆین، تلیاک و هەندێک ماددەی دیکەی وەکو حەبی ترامادۆڵ".

بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راشیگەیاند، "ئەو سێ باندە لە 8 کەس پێکهاتبوون، لەدوای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنیان توانرا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر بکرێن".

جەلال ئەمین بەگ باسی لەوەشكرد، "ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان باوەو زیاتر دێتە ناوەو ئەوانەی بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکانن، کریستاڵە، واتە شیشە ناوە زانستییەکەشی میتامفیتامین-ـە کە لە هەموویان ترسناکترە، وا لە کەسی بەکارهێنەر دەکات تاوان بکات و سەرپێچی هاتووچۆ بکات و تەقە بکات و چەقۆ بووەشێنێت و لە ماڵەوە ئاژاوە دروستبکات، لەدوای ئەویش هێرۆین دێت، کە ئەویش ماددەیەکی زۆر ترسناکە".

بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی نەشاردەوە، "لە 1-1-2018 وە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 140 کەس لای ئێمە دەستگیرکراوە، لەوانە هەندێکیان بازرگانیان پێوەکردووە، هەندێکیان بەکارهێنەرن، بەداخەوە ئافرەتیشی تێدایە، کە بەکارهێنەرە یاخود بازرگان بووە، بڕکەشی کە دەستی بەسەرداگیراوە، نزیکەی 10 کیلۆگرام دەبێت".