ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەمرۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و تاوتوێ بودجەی 2019 و دوایین پێشهاتی ئابووری و سیاسی هەرێمی كوردستان كرد.

رۆژی سێشەممە 7ی ئابی 2018، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبووە.

سەرەتا سەرۆك وەزیران دەربارەی دوا سەردانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەردوولامان لەسەر بەردەوامبوونی دیالۆگ و هامەهەنگیی هەولێر و بەغدا هاوڕا بووین و داوامان كرد بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە یەكخستنی مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەرێم لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدراڵی، جێبەجێ بكات.

بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە هەردوولا دەربارەی كردنەوەی رێگەكانی نێوان هەولێر كەركووك و ئامادەییی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنەدەروەی نەوتی كەركووك، گفتوگۆیان كردووە. دەربارەی حكوومەتی داهاتووی عێراقیش دووپاتیان كردەوە كە هەرێمی كوردستان ڤیتۆی لەسەر كەس نییە و ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە بەرنامەی كاری حكوومەتە كە هاوكار و هەماهەنگ بێت بە ئاراستەی بەرجەستەكردنی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا مەحموود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و د. ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، دەربارەی دوا پێشهاتەكانی بابەتی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزدی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی دیكە و دوا بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارە (٢٣٧٩)، سەبارەت بە پێكهێنانی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش، ڕاپۆرتێكیان پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كرد.

ئەنجومەنی وەزیران ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی ئاسایشی بەرز نرخاند و بە هەنگاوێكی گرنگی زانی بۆ بەرەوپێشچوونی دۆسیەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزدی و مەسیحی و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی دیكە، هەروەها لیژنەی باڵای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی داعشی راسپارد هەماهەنگی لەگەڵ ئەو تیمە نێودەوڵەتییە بكەن.

سەرۆك وەزیرانی هەرێم لیژنەكەی راسپارد هەموو ئەو بەڵگانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا كۆكراونەتەوە، بخرێنە بەردەست تیمەكە بە ئامانجی بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید بۆ ئەوەی قوربانیانی ئێزیدی و مەسیحی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دیكە لە قەرەبووكرنەوەی زیانەكانیان سوودمەند بن. داوا لە حكوومەتی عێراقیش كرا ڕەچاوی هاوبەشیپێكردنی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بكرێت لە دادوەر و یاساناس و شارەزایانی ئەو بوارە لە كاتی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش.

ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتی خۆی سەبارەت بە پاراستنی ماف و ئازادییە ئاینییەكان كردەوە كە لە بنچینە سەرەكییەكانی مافەكانی مرۆڤن، باوەڕیشی وایە هەر هاووڵاتییەك مافی پارێزراوە لە هەڵبژاردنی باوەڕی ئایینیی خۆی، هەرێمی كوردستان هەمەڕەنگێكە لە پێكهاتەی ئایینی و نەتەوییی جیاواز و هێزیشی لەو هەمەڕەنگییەدایە، بۆیە حكوومەت بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هەرێمی كوردستان وەك شوێنێكی ئارام بۆ كۆمەڵگا.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی وەزارەت بۆ داڕشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2019 پێشكەش كرد كە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پڕۆژەیە ئەمادە نەكراوە. باسی لەو هەنگاوانەش كرد كە بۆ خەمڵاندنی داهاتە گشتییەكان و خەرجییەكان ناویەتی و لەگەڵ وەزارەتەكان دەستیان بە گفتوگۆ كردووە. ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی كرد و داوای لە وەزیرە بەڕێزەكان كرد لەم بارەیەوە هاماهەنگی لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانان بكەن.

لە بڕگەیەكی دیكەی كارنامەی كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری پەسەند كرد سەبارەت لێخۆشبوون لە سوود و سزاكانی دواكەوتن لەسەر ئەو كەسانەی قەرزاری پێدانی كرێ و بەدەلی موڵك و ماڵی دەوڵەتن بە مەرجێك لە ماوەی (90) ڕۆژی كاردا تەواوی كرێ و بەدەلی ساڵانی پێشوویان بدەن بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.