ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی لەبارەی رێگەنەدان بە دەنگدانی مامۆستا كەریم ئەحمەد بە بیانووی تەمەن، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەیدا بارزانی دەڵێت "بە بیستنی هەواڵی رێگەنەدان بە دەنگدانی مامۆستا كەریم ئەحمەد زۆر دڵگرانم. جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە كە خەباتگێڕ و تێكۆشەرێكی وەك مامۆستا كەریم ئەحمەد بە بیانووی تەمەن رێگەی لێبگیرێت كە دەنگی خۆی بدات".

لەبارەی کەسایەتییەکەوە، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووە، "مامۆستا كەریم ئەحمەد خۆی ناسنامەیە بۆ هەموومان و رێگەنەدانی بۆ دەنگدان زوڵمێكی گەورەیە كە لە مامۆستا كەریم ئەحمەد كراوە".

لەلایەكی دیكەوە لەسەر پرسی بێبەشبوونی (هاورێ كەریم ئەحمەد) لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی كوردستان، د. كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان و سەرۆكی قەوارەی سیاسی لیستی ئازادی، سكاڵای یاسایی لەدژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان تۆماركرد.

مامۆستا کەریم ئەحمەد لە ساڵی 1922 لە گوندی باقرتەی سەر بە شارۆچکەی کۆیە لەدایکبووە، لە تەمەنی سیاسی خۆیدا چەندین پۆستی گەورەی لەنێو حیزبی شیوعی عێراقیدا وەرگرتووە و ماوەی دوو ساڵ سکرتاریەتی حیزبی لەدەستدا بووە، هەروەها سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان بووە.

ھاوڕێ کەریم ئەحمەد 30ی ئەیلولی 2018 بەرەو بنکەی ھەڵبژاردن چوون، وەک ھەموو جار بە ئومێدی دەنگدانێکی ( تۆزێک ) پاک و بێگەردانە، بەڵام ئەمجارەیان، نەک ھەر بەگەردو تەماوی بوو، بەڵکو دەنگەکانیش زیندەبەچاڵ کرابوون. (بەبیانوی ئەوەی کە ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 90 ساڵە ناویان سڕاوەتەوە). بۆچی و بەبڕیاری کێ؟ ھەر خۆیان دەزانن.