ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بریار محەمەد- كەلار

زیاتر لەسەرچاوەیەك، هەواڵی خۆخنكاندنی كچە قوتابیەكی تەمەن 18ساڵیان لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان راگەیاند.

بەیانی رۆژی 4 شەمە 3ی ئۆكتۆبەر، عەقیدی یاسایی لەمیعە محەمەد قادر، بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەگەرمیان، بە (رێگای كوردستان )ی راگەیاند،" درەنگانێكی شەوی رابردوو لەگەڕەكی گازیۆنۆی شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئافرەتێكی لەدایك بووی ساڵی 2000 بەناوی ( ك. ص ) بەپەت خۆی خنكاند.

گووتیشی، ئەو كچە قوتابی پۆلی 10ی بنەرەتیەوە لەخولی دووەم لە زیاتر لە وانەیەك ماوەتەوە بۆیە خۆی خنكاندوە.

عەقید لەمیعە ئەوەشی ئاشكراكرد ، ئەوە چوارەم حاڵەتی خۆخنكاندن و خۆكووشتنی ئافرەتانە لە ماوەی ئەمساڵدا كە هێشتا 2 مانگی ماوە ساڵەكە كۆتایی بێت لە سنوری گەرمیان لەكاتێكدا ساڵی پار 2 حاڵەتی خۆكووشتن هەبووە.

سەرچاوەیەكیش لەبەشی پزیشكی دادوەری نەخۆشخانەی گشتی كەلار بۆ (رێگای كوردستان ) ئاشكرایكرد، درەنگانی شەو تەرمی (كیژان ساڵح ) لەلایەن كەس و كارەكەیەوە هێنراوەو گووتەیان، بەهۆی مانەوەی لە دوو وانەخۆی خنكاندوە.