ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان/ دیمانە

هودا زەنگەنە، چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان ڕای دەگەیەنێت هەرێمی كوردستان تاكو نەبێتە وڵاتێكی سەربەخۆ هەرگیز ناتوانێت بەو دامەزراوە و رێكارانەی ئێستاوە بە سانایی رێژەكانی توندوتیژی كەم بكاتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات هاوشێوەی لایەنە سیاسییەكەی لەڕوی كۆمەڵایەتییەوە ڕەوشی عێراق كاریگەری لەسەر ڕەوشی هەرێم هەیە. 

سەرباری بوونی ژمارەیەكی زۆر رێكخراو، چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان و پڕۆژەكانی حكومەت بۆ رێگری لە توندوتیژییەكان دژی ژنان، بەڵام بەپێی نوێترین ئامارەكان، ژمارەیەك لە جۆرەكانی توندوتیژی زیادیان كردووە، هۆكاری ئەمە چییە؟

هەرێمی كوردستان لەڕوی سیاسی و ئابوورییەوە، بە بارودۆخێكی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت ئەمەش كاریگەری لەسەر بوارە كۆمەڵایەتییەكە هەیە، ئەم دۆخە وایكردووە سەرباری هەموو رێكارە یاسایی و ئیدارییەكان توندوتیژییەكان زیادیان كردووە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكە، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان سنورێكی فراوانی كراوەی لەگەڵ ناوەڕاست و باشوری عێراق هەیە، واتە هیچ جۆرە رێگرییەك نییە، وایكردووە هەموو ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان دەركراون، لە عێراق جێبەجێنەكرێن و زۆر بە ئاسانی كۆی ڕەوشی عێراق كاریگەری لەسەر ڕەوشی هەرێم كردووە، هاوكات ئێمە هەموومان دەزانین هەرێمی كوردستان هێشتا لەژێر كاریگەری جەنگی دژ بە داعشە، ئەمەش خۆی لە هاتنی هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە دەبینێتەوە كە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئەو تێكەڵە كۆمەڵایەتییەی لەنێوان ئاوارەكان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروست بووە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بەوەی كۆمەڵێك جۆری توندوتیژی كۆمەڵایەتی لەناو هەرێمی كوردستان زیاد ببن.

مەبەستت جیاوازیی یاسا دەركراوەكانی هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ناوەڕاست و خوارووی عێراقە؟

هەرێمی كوردستان تاكو نەبێتە وڵاتێكی سەربەخۆ هەرگیز ناتوانێت بەو دامەزراوە و رێكارانەی ئێستاوە بە سانایی رێژەكانی توندوتیژی كەم بكاتەوە، چونكە كەسی تۆمەتبار باش دەزانێت ئەو توندوتیژیانەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان دەدات لەكەمترین ماوەدا دەتوانێت لەچەندین شوێنەوە بچێتە ناوەڕاست و خواروی عێراق، ئەو كاتە حكومەتی هەرێم ناتوانێت هیچ ئیجرائاتێكی یاسایی لەگەڵ بكات، بەوپێیەی لەسنووری دەسەڵاتی ئەودا نەماوە، چونكە ئەو رێكارە ئیداری و یاساییانەی لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە تاكو ئێستا لە عێراق دەرنەكراون، لەلایەكی دیكەشەوە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی بەرەو كرانەوەدایە، واتە قۆناغێكی كاتییە، لەم قۆناغە ناسكەدا پرسی تەكنەلۆژیا كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی تاوانەكانی دژ بە ژنان هەبووە،دەتوانم بڵێم تەكنەلۆژیا سەرەكیترین هۆكارە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەكان دژ بە ژنان.

بەپێی ئامارەكان دوای تەكنەلۆژیا نمایشكردنی دراما بیانییەكان دووەم هۆكارن بۆ زیادبوونی توندوتیژییەكان لە هەرێمی كوردستان، پێتوایە كۆنترۆڵكردنی كارێكی قورس بێت؟

لە زۆرێك لە وڵاتانی دنیا، هاوشێوەی ئەو درامایانەی لە هەرێم پەخش دەكرێن، هاوكات درامای نامۆتر بە كۆمەڵگا نیشان دەدرێت، هەرێمی كوردستان تەنیا كۆمەڵگە نییە درامای هاوشێوەی كلتور و دابونەریتی خۆی نیشان بدات، واتە نمایشكردنی درامای توركی یان هەر وڵاتێكی دیكە هیچ كاتێك نابێتە كێشەیەكی گەورە، كێشەكە لەوەدایە خەڵك ناتوانێت كۆنترۆڵی خێزانی خۆی بكات، هێشتا فێری ئەوە نەبووە كۆنترۆڵی خێزانی خۆی بكات، لە وڵاتانی دونیا خێزانەكان ئەو كەناڵانە كۆنترۆڵ دەكەن كە دەزانن نابێت منداڵەكانیان سەیری بكەن، ئەو دراما و بەرنامانەی كە نابێت منداڵان سەیری بكەن دەتوانرێت لەرێگەی كۆنترۆڵكردنەوە رێگری بكرێت لە سەیكردنیان، ئەمە لە هەموو دونیادا وایە و هیچ كاتێكیش گلەیی لە حكومەت ناكرێت بەوەی كۆنترۆڵی كەناڵەكانی نەكردووە و درامای بیانی پیشان دەدرێت، كێشەكە ئەوە لە هەرێمی كوردستان خەڵك بۆ كۆنترۆڵكردنی خێزانی خۆشی داوا لە حكومەت دەكات، پێیوایە دەبێت حكومەت خێزانەكەی بۆ كۆنترۆڵ بكات، دەیەوێت حكومەت فێری بكات سەیری چی بكات و سەیری چی نەكات، ئەمە ئەوەندەی ئەركی رێكخراوەكان و راگەیاندن و خێزانەكانە ئەوەندە ئەركی حكومەت نییە.

هاوشێوەی خولەكانی دیكەی پەرلەمانی كوردستان، ژمارەیەك ژن لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بوونەتە پەرلەمانتار، جگە لە درەكردنی یاساكان وەك ئەوەی پێشتر كراوە، ئەمان دەتوانن چی بكەن بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان دژی ژنان؟

هەڵبەتە ئەگەر بەشێوەیەكی گشتگیر سەیری بكەین بەبێ جیاوازی ئینتمای حزبی پەرلەمانتارە ژنەكان توانیویانە رۆڵی كاریگەرییان لە كۆمەڵێك روەوە هەبێت، راستە رۆڵی ئەوان زیاتر لەناو لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان بووە زیاتر لەوە وەك بۆ شاشەی ڕاگەیاندنەكان بووبێت، بەداخەوە هێزە سیاسیییەكانی ئێمە زۆر بە ئاسانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بۆ ژنان ڕەوا نەبینیووە، جگە لە خولی رابردوو كە هەنگاوێكی لەو شێوە نرا، بەڵام ئەمەش لە دوای ململانێیەكی توندو بەهۆی دۆخێكی دیاریكراوەوە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین نادیدەی ئەوە بكەین كە ژنانی ئێمە نەیانتوانیوە رۆڵ ببینن، بەپێچەوانەوە زۆرێك لەو یاسایانەی كە لە پەرلەمان هەموار كراونەتەوە، وەكو یاسای باری كەسیتی و یاسای سزادانی عێراقی و دەرچوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و چەندین مادە و بڕیاری دیكە كە لە بەرژەوەندی ژنان دەرچوون بەهۆی هەوڵی ژنانی پەرلەمانتار و ژالاكوانانی بواری مافەكانی ژنان و رێكخراوەكان بووە، ئەوەی ئێستا چاوەڕێ دەكرێت كە ژنانی ئێمە لە پەرلەمان رۆڵی تیا ببینین دەكرێت كۆی ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان جیبەجێدەكرێن توێژینەوەیان لەسەر بكرێت، بەوەی لەكام مادە و بڕگەدا پێشێلكاری كراوە یاخود نایەكسانی هەیە هەمواری بكەنەوە، جگەلەوەی دەتوانن چاودێرێكی توند بن لەسەر ئەو دامەزراوانەی بۆ پرسی كۆمەڵایەتی و ژنان دانراون، ئەگەر هاتوو ئەوان چاودێرێكی توند بن ئەو كەموكوڕی و كەمتەرخەمییەی لەلایەن هەندێك لە دەزگاكانەوە هەیە دەتوانن لێپێچینەوەی لەسەر بكەن، ئەمەش كاریگەری باشی بۆ بەرەوپێشبردنی پرسەكانی ژنان دەبێت.