ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کورستان- ڕێبین فەتاح

 

لە زۆربەی ناوچەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دا، کێشەی ئاوی خواردنەوە هەیە. دانیشتووانی ئەو ناوچانە، بەهۆی نەبوونی هیچ پرۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە، بەناچاری پشت بە ئاوی بیرە قەدەغەکراوەکان دەبەستن، هەندێک لە بیرەکانیش بەهۆی پرۆسەکانی نەوتییەوە، ئاوەکەیان پیس بووە و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت.

 

بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دا، بۆ ناوەڕاستی نەودەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک بەتوانا و شارەزایی خۆماڵی و لە ئاستێکی سنوورداردا دەست بە دەرهێنانی نەوت لە بیرەکانی نەوتی ڕۆژئاوای کۆیە کرا، بەڵام لەپاش ٢٠٠٣ و بەتایبەت پاش دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، پڕۆسەی بەرهەمێنانی نەوت و پەرەپێدانی کێڵگەکان چوونە قۆناغێکی خێرا و بەرفراوانەوە.

یەکەمین کاریگەرییەکانی بەرهەمێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دا، دروستکردنی کاریگەری بوو لەسەر سەرچاوەکانی ئاو لەو ناوچانەی بیری نەوتیان تێدا هەڵکەندرا، لە زۆربەی ناوچەکاندا، سەرچاوەکانی ئاو وەک کانی و کارێزەکان وشک بوون و لەو ناوچانەشدا کە دانیشتووانەکەی پشتیان بە ئاوی بیرەکان دەبەست، بەهۆی تێکەڵبوونی نەوت و ئاوەوە، ئاوی بیرەکان پیس بوون.

غەفوور حەمەد ئەنجوومەنی گوندی ئیلنجاغ لە سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەق بە "ڕێگای کوردستان" دەڵێ، "هەموو سەرچاوەکانی ئاو کە پێشتر پشتمان پێدەبەست، لە کانی و کارێزەکان، لەگەڵ دەستکردن بە دەرهێنانی نەوت وشکیان کرد، خەڵک دەستیان بە هەڵکەندنی بیری ئاو کرد، بەڵام زۆرێک لە بیرەکان ئاوەکەیان بەکەڵکی خواردنەوە نایەت، چونکە تام و ڕەنگ و بۆنی ناوخۆشی هەیە و ئاوەکە چەور بووە بە کاریگەری نەوتەوە".

کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە ساڵی ٢٠٠٢ گرێبەستی لەسەر ئیمزا کراوە و لە سنووری گوندەکانی ڕۆژئاوای کۆیە هەڵکەوتووە، وێڕای ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بەهۆکاری تەکنیکییەوە ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە زۆر لە کورتی داوە، بەڵام وەک یەکێک لە کێڵگە گەورەکانی نەوت دادەنرێت کە کوالێتی نەوتەکەی لەسەرەوەیە.

وەک غەفوور ئاماژەی بۆ دەکات، "گوندەکانی سنوورەکە بەگشتی هیچ پرۆژەیەکی ئاوی خواردنەوەیان لەلایەن حکوومەتەوە پێشکەش نەکراوە، لەبەرئەوە خەڵکەکە چ بۆ خواردنەوە و چ بۆ کشتوکاڵ و مەڕوماڵات پشت بە هەڵکەندنی بیری ئاو دەبەستن".

هەموو ئەو بیرانەی ئاو کە لە سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەق لەلایەن گوندنشینانەوە هەڵکەندراون، لەو بیرانەن کە بە پایڵ یان بیری سوریایی ناودەبرێن و هەڵکەندنیان لەلایەن حکوومەتەوە قەدەغە کراوە، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی ئاوەکەیان پاک و شیاو نییە و هەروەک هەڵکەندنی بیرەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پێکهاتەی خاک دادەنێت.

محەمەد فەقێ بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری کۆیە بۆ "ڕێگای کوردستان"ی ڕوون دەکاتەوە، "ساڵانی پێشوو کۆمپانیای تی تی ئۆپکۆ سەرکاری کێڵگەی نەوتی تەقتەق پلانێکی پێشکەش کرد بۆ ڕاکێشانی ئاو لە زێی گەورەوە بۆ بەرزاییەکانی کێڵگە نەوتییەکە کە لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە دەتوانرا ئاوی بەشێک لە گوندەکان دابین بکرێت، بەڵام پرۆژەکە بەهۆی تێچووەکەیەوە جێبەجێ نەکرا".

ئەو زیاتر دەڵێ، "ئێستە کۆمپانیایەکە جارێکی تر بڕیاریداوە بە تێچوویەکی کەمترەوە دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە بکات".

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری کۆیە، لەبارەی ئاوی بیرەکانی سوریایی ڕوونی دەکاتەوە، "هەڵکەندنی بیری سوریایی بە بڕیاری حکوومەت قەدەغەیە و ئاوەکەیشی تەندروست نییە، چونکە ئەو بیرانە تەنیا ئاوی سەرڕووی زەوی کۆدەکەنەوە نەک ئاوی ژێرزەوی".

لە کێڵگەی نەوتی پیرمام کە بە دووری ٤٠کم لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر هەڵکەوتووە، بارودۆخەکە هاوشێوەیە لەگەڵ کیڵگەی نەوتی تەقتەق. گوندەکانی سنوورەکە هیچ پرۆژەیەکی ئاوی خواردنەوەیان لەلایەن حکوومەتەوە پێشکەش نەکراوە و لە ناچاریدا پشت بە بیرە قەدەغەکراوەکان دەبەستن، وێڕای ئەوەی وەک گوندنشینان دەڵێن ڕێگەدان بە هەڵکەندنی بیری سوریایی ئاسان نییە، بەڵام پێدەچێت چاوپۆشییەک لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بە هەر هۆکارێکەوە هەبێت، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە ئەو گوندانە هیچ پرۆژەیەکی ئاویان نییە.

موحسین ئەحمەد دانیشتووی گوندی حاجی ئەحمەد لە سنووری کێڵگەی نەوتی پیرمام بە "ڕێگای کوردستان" دەڵێ، "ئەگەر حکوومەت هیچ پرۆژەیەکی ئاو بۆ گوندەکان ڕانەکێشێت، کەواتە خەڵک یان دەبێت گوندەکان چۆڵ بکەن و بۆ ناوەندی شارەکان بگوازنەوە یان دەبێت پشت بە ئاوی هەر بیرێک ببەستن".

ئەو دەڵێ، "ئێمە لە ناچاریدا بیری سوریاییمان هەڵکەندووە، لە هەڵکەندنی ئەو بیرانەشدا پارەیەکی زۆرمان خەرج کردووە، بەرپرسانی کارگێڕی کێشەیان بۆ دروست کردووین و بە فشاری خۆمان بیرەکانمان هەڵکەندووە، بەڵام هەر بڕیارێک هەبێت، خۆ ناکرێت ئەو خەڵکە ئاوی خواردنەوەیشی نەبێت!".

کێڵگەی نەوتی پیرمام گوندەکانی بەشی خوارووی بناری چیای سەفین دەگرێتەوە. ئەوێ یەکێک لەو ناوچە گەشتیارانەیە کە خەڵکی هەولێر لە وەرزەکانی بەهار و هاوین بۆ گەشت و سەیران ڕووی تێدەکەن. کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبێلی ئەمریکی سەرکاری کێڵگە نەوتییەکە، چەند بیرێکی نەوتی تێدا هەڵکەندراوە، بەڵام هێشتا بەرهەمهێنان تێیدا دەستی پێنەکردووە.

ئەو گوندنشینە زیاتر ڕوونی دەکاتەوە، "لەگەڵ هەڵکەندنی بیری نەوت لە سنوورەکەماندا، تووشی کێشەیەک بووین، ئەویش پیس بوونی ئاوی بیرەکان بوو، ئێستا تام و بۆنی ئاوی بیرەکانمان گۆڕاوە و ئاوەکەش چەور و لینج بووە، بەڵام هەر ناچارین بەکاری بهێنین، چونکە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی ئاوی خواردنەوەمان نییە. ئەوە کارەساتە لە ناوچەی ئێمەدا نەوت دەربهێنرێت و خەڵکەکە ئاوی خواردنەوەی نەبێت، هەرلانی کەم نەوتەکە دەبەن با پرۆژەی ئاومان پێشکەش بکەن".

ئەگەر بەگشتی ئاو تام و ڕەنگ و بۆنی نییە، بەڵام ئەو هاوکێشەیە بەسەر ئاوی ناوچەکانی نەوتی جێبەجێ ناکرێت، لەبەرئەوەی ئاو لەوێدا تام و ڕەنگ و بۆنی هەیە.

"تا دەست بە هەڵکەندنی بیرەکانی نەوت نەکرا، ئاوی بیرەکانی ئێمە هیچ کێشەیەکی نەبوو، بەڵام لەگەڵ هەڵکەندنی بیرەکانی نەوت، ڕاستەوخۆ ئاوی بیرەکانمان تام و بۆنی پەیدا کرد و چەوری تێدا دروست بوو"، ئەوە گوتەی محەمەد زراری گوندنشینێکی سنووری کێڵگەی نەوتی سارتا بوو.

کێڵگەی نەوتی سارتا بەدووری زیاتر لە ٥٠کم کەوتووەتە باکووری ڕۆژئاوای شاری هەولێرەوە، کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی سەرکاری کێڵگەکەیە و تا ئێستا سی بیری نەوتی تێدا هەڵکەندراوە.

بەشێک لە گوندانەی کە سنووری کێڵگەی نەوتی سارتا کە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، تەنیا دوو تا سێ کیلۆمەتر لە زێی گەورەوە دوورن.

زراری بۆ "ڕێگای کوردستان" دەڵێ، "ئێمە وەک گوندنشینانی سنووری کێڵگەی نەوتی سارتا چەندین جار داوامان لە کۆمپانیا نەوتییەکە و بەرپرسانی کارگێڕی سنوورەکە و حکوومەت کردووە کە پرۆژەیەکی ئاوی خواردنەوەمان پێشکەش بکەن، بەڵام جێبەجێی ناکەن".

زیاتر دەڵێ، "کۆمپانیا نەوتییەکە هەر جارێک ئەو داواکارییەی ئاراستە دەکەین، وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئەو پرۆژەیە پارەی زۆری تێدەچێت، بەڵام ئێمە بەهۆی کارکردنی ئەو کۆمپانیا نەوتییەوە سەرچاوەی ئاوەکەمان تێکچووە و ئەگەر وەک قەرەبوویەکیش بێت کۆمپانیایەکە پێویستە چارەسەری کێشەی ئاومان بۆ بکات".

گوندنشینەکە دووپاتی دەکاتەوە، "پێشتر ئاوی بیرەکانمان هیچ کێشەیەکی نەبوو، بەڵام کاتێک بیرەکانی نەوت هەڵکەندران، ڕاستەوخۆ ئاوەکە تێکچوو، ئێمە بەدواداچوونی زۆرمان کردووە و بۆمان دەرکەوتووە کێشەی تێکچوونی ئاوی بیرەکانمان بەهۆی تێکەڵبوونی سەرچاوەکانی ئاو و نەوت ڕوویداوە".

زراری باس لەوەش دەکات، "خەڵکی ناوچەکە بەهۆی نەبوونی ئاو لەلایەک و لەلایەکی دیکە پیسبوونی ئاوی ئەو بیرانەی پێشتر هەڵیانکەندوون، ناڕەزایەتی و نیگەرانی زۆریان بەرانبەر بە کۆمپانیا نەوتییەکە بۆ دروست بووە. لەو باوەڕەدام ئەو دۆخە درێژە بکێشێت، کاردانەوەی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە".

بەبۆچوونی شارەزایەکی جیۆلۆجی بەکاری هێنانی ئاوی بیرەکانی سوریایی لە ناوچەکانی نەوتییدا، مەترسیدارە و دەشێت کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی خەڵک دروست بکات.

نەوزاد کەمال شارەزای جیۆلۆجی بۆ "ڕێگای کوردستان"ی ڕوونکردەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی قەدەغەکردنی بیرەکانی سوریایی ئەوەیە کە ئەو ئاوەی لەو بیرانەوە دەردەهێنرێت، ئاوێکە کە لە ڕووی سەرەوەی خاکدا کۆبووەتەوە و ئاوی ژێرزەوی نییە، ئەو ئاوەی لە ڕووی سەرەوەی خاکدایە، بەشێوەیەکی ئاسایی زووتر پیس دەبێت، جا لە ناوچەکانی نەوتی بەهۆی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و فڕێدانی پاشماوەکانی نەوتییەوە، ئاوی ئەو بیرانە زیاتریش کاریگەری پیسبوونی لەسەر دەبێت، لەو ڕوانگەیەوە پێویستە دانیشتووانی ناوچەکانی نەوتی زۆر بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەکانی ئاودا بکەن.

ئەو شارەزا جیۆلۆجییە پێشنیازی ئەوە دەکات و بە پێویستی دەزانێت، "خەڵکی ناوچەکانی نەوتی کە پشت بە ئاوی بیرەکانی سوریایی دەبەستن بۆ خواردنەوە، پێویستە داوا لە حکوومەت و کۆمپانیا نەوتییەکان بکەن بۆ پشکنینی تەندروستی ئاوەکە، لەحالەتێکدا کە تەواو ڕوون بووەوە ئەو ئاوە بۆ خواردنەوە ناشێت، نابێت بە هیچ شێوەیەک بەکاری بهێنن، چونکە مەترسی تەواو لەسەر تەندروستیان دروست دەکات".