ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تارا زه‌نگه‌نه‌ ـ ڕێگای كوردستان

 

مامۆستایان و شارەزایان، هۆكاری په‌نا بردنه‌ به‌ر خۆكوشتن، له‌ كاتی ده‌ره‌نه‌چوونی قوتابیان له‌ پۆلیێكه‌وه‌ بۆ پۆلێكی تریان لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکەی خوێندن ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خراپی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و ناهۆشیاری خێزانه‌كان و نائومێدکردنی خوێندکاران لە سەرکەوتنیان.

"ڕێگای كوردستان"، له‌ ڕاپۆرتیكیدا له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان، مامۆستایه‌ك و توێژه‌رێكی ده‌روونی و چەند خوێندكارێک ده‌دوێنێت بۆ تیشك خستنە‌ سه‌ر هۆكاره‌كانی خۆكوشتنی خوێندكاران. 

بژوێن هەردی قوتابی قوناغی دووەمی زانکۆی گه‌رمیان، بە "ڕێگای کوردستان" دەڵێ، "لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن سەرکەوتووبووم، بەڵام لەقۆناغی یەکەمی زانکۆدا پێنج وانە دەرنەچووم، سەرەتا واتێگەشتم، هەرەسم هێناوه‌، به‌ڵام خێزان و کەسە خۆشەویستەکانم پاڵپشتیان کردم، گوتیان تۆ لەوە زیرەکتری، كه‌ بە كه‌وتن لە چوار وانه‌ نائومێد بیت".

بژوێن دەڵێ، "خوێندم و سەرکەوتنم بەدەست هێنا، لێره‌دا ده‌ڵێم كه‌وتن له‌وانه‌كانی قوتابخانه‌ مانای ئه‌وه نییه‌ ئیتر تۆ كۆتاییت پێهات و په‌نا ببیته‌ به‌رخۆكوشتن یان هەر بڕیارێکی دیکەی نەخوازراو، به‌ڵكو ده‌بێت به‌وره‌ بیت و بخوێنیت و زاڵ بی به‌سه‌ر قسه‌وقه‌سه‌ڵۆكی خه‌لك و ده‌وروبه‌ردا".

لە ساڵانی ڕابردووە، چەندین قوتابی بەتایبەت لە قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی، بەهۆی سەرنەکەوتنیان لە قۆناغێکی خوێندن، خۆیان کوشتووە، ئەوەش نیگەرانی لە ئاست ناوەندەکانی خوێندن و کۆمەڵگە بەگشتی دروست کردووە.

ئازاد محه‌مه‌د قوتابی قۆناغی شه‌شەمی ئاماده‌ییه لە دەڤەری گەرمیان، ئەو بە "ڕێگای کوردستان" دەڵێ، "‌بەداخەوە چەند خوێندكار لەدوای دەرنەچوونیان لەخوێندن خۆیان كوشتووە، یان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر كاری خراپ، هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو خاڵ، یه‌كه‌مین زاڵبوونی كولتووری كۆمه‌ڵگا و لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری خوێندکارەکە کاتێک شکست دەهێنێت، پێویستە زاڵبێت بەسەرخۆیدا و بڵێ دەتوانم ساڵێکی تر باشتر خۆم ئامادە بکەم و نمرەی بەرزتر بەدەست بهێنێم". 

ڕووخۆش میرزا چالاكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "په‌نابردنی خویندكاران بۆ خۆکوشتن، چەند هۆکارێکی لە پشتەوەیە، بۆنموونە پڕۆسەی خوێندن بەگشتی لەکوردسان كه‌شوهەوایەکی لەباری بۆ خوێندکارەکان نەڕەخساندووە، هەروەک به‌شێكی خێزانه‌كانی ئێمه‌، كاتێك خوێندکارەكه‌یان بەئامانج ناگات ئازارێکی زۆری دەدەن، خوێندکارانیش بەرگەی ئەو ئازارە ناگرن و بڕیارێکی ‌هەڵە لەسەر ژیان و چارەنووسیان دەدەن".

فەهمی سەعید مامۆستایەکی زانکۆیە، بە هەمان شێوە بۆ "ڕێگای کوردستان" دەڵێ، "خۆکوشتن بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا و هۆکاری خۆکوشتن زۆرن، یەکێک لەو هۆکارانە شکست هێنانە لەخوێندن، لەئەنجامی ئەمەدا خەمۆکی لای خوێندکار دروست دەبێت و بەرەو هەڵدێری دەبات، هەروەها خێزانیش ڕۆڵی زۆری هەیە لەدیاردەی خۆکوشتن، بەداخەوە ناهۆشیاری خێزانەکان ڕۆڵەکانمانی بەرەوهەڵدێر بردووە، خێزانەکان هەمیشە داوای سەرکەوتن لەڕۆڵەکانیان ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی دۆخی خوێندكاره‌كه‌یان بزانن". 

سەنگەر حەمید توێژەری دەرونی بۆ "ڕێگای کوردستان"ی ڕوون دەکاتەوە، "ساڵانێکە خۆکوشتنی خوێندکاران لەپەراوێزی هاتنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان شۆکێکی گەورەی دروست کردووه‌، بۆیە دەرنەچوون و شکست زۆرجار وەک خاڵی کۆتایی هەوڵەکان لەلایەن هەندێک خوێندکارەوە کرۆکی بێ ئومێدییە".

توێژەرە دەروونییەکە زیاتر دەڵێ، "نەبوونی زانستی تەواو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکان لە تەمەنی هەرزەکاریدا بە یەکێک لەهۆکارەکان دانراوە، بەشێکی دیکەی ئەم کارە پەیوەندی بەهەڵسوکەوتنی خێزان و مامۆستایان و دەوروبەرەوە هەیە، بەکچەکانیش دەڵێن بەزۆر بەشووت دەدەین، ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرەکی خۆێندکار کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت."

له‌میعه‌ محه‌مه‌د به‌ڕێوەبه‌ری به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ژنان لە گەرمیان بۆ "ڕێگای کوردستان"ی دووپات دەکاتەوە، "ساڵانه‌ له‌ گه‌رمیان و كوردستان به‌ گشتی، حاله‌تی خۆكوشتنی خوێندكاران به‌هۆی ده‌رنه‌چوونیان له‌تاقیكردنه‌وه‌كان هەیە و تۆمار کراوە، ئه‌مساڵ له‌گه‌رمیان تا ئێستا یه‌ك حاله‌ت تۆمار کراوە کە كچێكی پۆلی چواره‌می ئاماده‌یی دوای ده‌ر‌نه‌چوونی لە تاقیکردنەوەکان خۆی خنكاندووه‌".