ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: تاکو ئێستا گەلی کورد دوچاری دەیان کارەسات و ڕووداوی گەورەی وەک جینۆساید بووە، بەڵام نەتوانراوە وەکو پێویست لەڕووەکانی کۆمەڵایەتی و مێژووی و زانستیی هەمەلایەنەوە دیراسەی ئەم بابەتە گرنگانە بکەین و نەوەکانی داهاتووشمان بەم کارەسات و رووداوانە ئاشنا بکەین.

ئەو وتانەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا هات کە لە چوارەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زانکۆی هەولێری پزیشکی لەژێر ناوی (بەرەو جینۆساید ناساندنی زانستی گۆڕە بەکۆمەڵەکان) ئەمڕۆ چوارشەممە 7/11/2018 لەشاری هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حکومی و حزبی و پسپۆران و شارەزایان لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەستی بەکارەکانی کرد.

چواره‌مین كۆنفرانسی زانستی هه‌ولێری پزیشكی 17

ناساندنی جینۆساید وەک یەکێک لەتەوەرە گرنگەکانی میللەتەکەمان

لە دەستپێکی وتەکەیدا، د.یوسف گۆران وتی: لای هەمووان شاراوە نیە جینۆساید و ناساندنی جینۆساید یەکێکە لەتەوەرە هەرە گرنگەکان و یەکێکیشە لە کێشە هەرە گەورەکانی میللەتەکەمان، بابەتی جینۆساید کێشەیەک نیە بەبێ هۆکار دروست ببێ، بەڵکو هەمووان دەزانین ئەم کێشەیە لەبنەڕەتدا پەیوەستە بە خەباتی بێوچانی میللەتەکەمان، ئەویش لە ئەنجامی مێژووی پڕ بەرخودان بۆ بەرگری لە ناسنامە و شارستانیەت و بەرگری کردن لەناسنامەی نەتەوایەتی دروست بووە، بۆیە مێژووی نەتەوایەتی میللەتەکەمان وای کردووە لە ئەنجامی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی خۆیدا روبەروی دەیان کارەسات ببێتەوە کە کارەساتی ئەنفال و جینۆساید لە کوردستان بەشێکن لەمێژووی ناسنامەی نەتوایەتی میللەتەکەمان.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی: لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا دوچاری دەیان کارەساتی جینۆساید و گەورە بووینە، بەڵام تاکو ئێستا نەمانتوانیوە وەکو پێویست لەڕووەکانی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و زانستی هەمەلایەنەوە دیراسەی ئەم بابەتە گرنگە بکەین، زیاتر وتیشی: ئەم کارەساتانە بەشێکن لە ناسنامەی نەتەوەییمان، پێم وایە لەزانکۆکان و سەرجەم قۆناخەکانی خوێندن ئەم کێشەو بابەتە گەورەیە وەکو خۆی باس نەکراوەو بەشێک نیە لە تێگەیشتنی کۆمەڵگەی کوردی، تەنانەت لەڕووی سیاسی و کایەکانی دیکەشەوە بە هەمان شێوە نەتوانراوە ئەم کارەساتانە وەک خۆی بناسرێن. بۆیە پێویست دەکات هەموو تاکی کورد لە هەر ناوچەیەکی کوردستان بێت چ لە گەرمیان یان لە بادینان بێت، ئاشنای ئەم کارەساتانە بکرێن و لەرووی زانستی و ئەکادیمییەوە گرنگی بەم کارەساتانە بدرێت.

بکەرانی جینۆساید دادگایی نەکراون

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بابەتێکی تر هەیە کە ئێمە زۆرجار قسەمان لەسەری کردووەو باس کراوە، ئەویش ئەوەیە کە نەتوانراوە بکەرانی کارەساتی جینۆساید بۆ بەردەم دادگا ببردرێن، بۆ ئەمەش لەچەند ساڵی ڕابردوودا جینۆسایدی ئێزیدیەکان کە بوەتە بەشێک لە کارەساتێکی نەتەوەیی بەسەر میللەتەکەمان هات، بەڵام تائێستا نەتوانراوە سەرکەوتوو بین لەوەی بکەرانی ئەم تاوانە بێنینە بەردەم دادگا، چونکە لە هەموو تاوانێکدا ئەگەر بێت و بکەران دادگایی نەکرێن و سزا نەدرێن ئەمە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە جارێکی دیکە دووبارە ببنەوە.

د.یوسف گۆران لەبارەی بەزانستی کردنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش وتی: لە نوێترین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە لەعیراقدا لەماوەی حوکمی داعش 202 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، کە مەزەندە دەکرێت لە نێوان 6 بۆ 12 هەزار قوربانی تێدابێت.

ئەم قوربانیانە بێگومان بەشێکی زۆری خەڵکی کوردن و ئێزیدین بەشێکی دیکەی خەڵکی بەشەکانی دیکەی عیراقن، ئەوەی ئەم کۆنفرانسە گرنگە قسەی لەسەر بکات ئەوەیە چۆن بتوانین لەسەر بابەتی زانستی و شیکردنەوەی جینات و بابەتی پەیوەست بە پەیوەندی تاکەکان، گۆرە بەکۆمەڵەکان هەڵبدەینەوە و بیاناسینەوەو بیانگەڕێنینەوە شوێن و زێدی خۆیان.

 

داتا بەیسێکی نیشتیمانیمان نیە بۆ سوود وەرگرتن لە لێکۆڵینەوەی زانستی

لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە تا ئێستا داتا بەیسێکی نیشتیمانیمان نیە بۆ جینات و (دی ئێن ئەی) بۆ ئەوەی لەڕووی زانیاریەوە داتایەکی دەوڵەمەنمان هەبێت، بۆیە پێویستە یەکێک لەپێشنیازە زانستیەکانی ئەم کۆنفرانسە و لایەنە زاستیەکان ئەوەبێت چۆن بتوانین داتا بەیسێکی نیشتیمانیمان هەبێت بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان، ئەم داتا بەیسە تەنها بۆ بایەتی جینۆساید نا بەڵکو بۆ زۆر بابەتی دیکەی گرنگ و پێویست تایبەت بە نەخۆشی و بابەتە زانستییە جۆراو جۆرەکاندا سوودی دەبێت.

کارەکانی وەزارەت ڕوونکرانەوە

تایبەت بە کارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.یوسف گۆران وتی: ئێمە لەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەوڵمانداوە کە گرنگی بە بابەتی جینۆساید بدەین و بۆ ئەمەش لە ئەنجومەنی وەزارەت بریارێکمان دەرکرد بۆ ئەوەی بابەتی جینۆساید ببێتە بەشێکی سەرەکی لەتەواوی قۆناخەکانی خوێندن لەزانکۆکان بخوێنرێت، وتیشی: ئێستا سەرقاڵی ئەوەین بەرنامە و پرۆگرامی ئەو بابەتە دابڕێژینەوە، ئەو کات دەتوانین ئەرکێکی نیشتمانی و زانستی پێشکەش بە نەوەکانمان بکەین.

 

گفتوگۆکان وەک مەسەلەیەکی زانستی سەیر دەکرێن

لەکۆتای وتەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: هیوادارم ئەو توێژینەوانەی لەم کۆنفرانسە پێشکەش دەکرێن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت وەک مەسەلەیەکی زانستی سەیر بکرێن و کاری جدییان بۆ دەربکرێت.

جێگەی ئاماژەیە چوارەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زانکۆی هەولێری پزیشکی کە لەژێر ناوی (بەرەو جینۆساید ناساندنی زانستی گۆڕە بەکۆمەڵەکان) بۆماوەی دوو ڕۆژ کارەکانی بەردەوام دەبن و تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی جینۆساید و چۆنیەتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەڕووی زانستیەوە پێشکەش دەکرێن.