ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای ئەوەی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم و ناوەند یاداشتنامەی لێکگەیشتنیان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا ئیمزاکرد، یاداشتەكە چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگی له‌خۆگرتوه، كە تایبه‌تن‌ به‌ بواره‌كانی (ئه‌كادیمی و زانستی، توێژینه‌وه‌ و مه‌شقكردن، ڕۆشنبیری و په‌ره‌پێدان)، دوای ئیمزاکردنی یاداشتەکەش پێویستە هەردوو وەزارەت لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی تازەی حکومەتی عێراقی میکانیزم بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەکە دابڕێژن بۆ پابەندبون و داڕشتنی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی سەرجەم برگەو مادەکان.

سەبارەت بەخاڵێکی نێو یاداشتەکە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی کۆلێژە زانکۆییەکانی ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای ئیمزاکردنی یاداشتەکە مانای ئەوە نیە بەبێ بونی مەرجی زانستی و کواڵێتی وەزارەتەکەمان متمانە بەو زانکۆیانە ببەخشێت، بەڵکو کێشەی ئەم زانکۆیانە پەیوەندیدارە بە ئاست و کواڵێتی خوێندن و پابەندبون بە مەرج و ڕێنماییە یاساییەکانی خوێندنی تایبەت كە لەگەڵ ستانداردەکانی خوێندن بگونجێت.

لە هەمانکاتیشدا لە یاداشتەکەدا هەمان ئەو مەرج و ڕێنماییانەی کە پێشتر جەختمان لەسەری کردۆتەوە بۆ ئەم زانکۆیانە باسکراون، بۆیە كێشەی ئەو زانکۆیانە بەستراوەتەوە بە هەبوونی کواڵێتی خوێندن و جێبەجێکردنی مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان لەم کۆلێژە زانکۆییانەدا.

لە کۆتایشدا بەپێویستی دەزانین بە دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی و سەرجەم ئەو خوازیارانەی مەبەستیانە لەم کۆلێژە زانکۆییانە بخوێنن ڕابگەیەنین، کە بە وردی ئاگاداری هەموو ئەو مەرج و ڕێنماییانەی وەزارەتەکەمان بن، کە دایناوە بۆ وەرگرتن و دەستکردن بە پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا.