ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان 

چەند رۆژێكە لەكەناڵكانی راگەیاندن و سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەناوی حزبی شیوعی كوردستان راوبۆچوونی جۆراجۆر بڵاودەكرێنەوە، بۆ ئەم مەبەستە ( رێگای كوردستان) پەیوەندی بە(بابا عەلی جەباری) جێگری سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستانەوە كردو ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە:

* هەڵوێستی حزبی شیوعی كوردستان لەمەڕ كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و دابەشكردنی پۆستەكان چییە؟

+پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوهێنانی هەر كەسێك بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی دەسەڵاتە گشتییەكان لای ئەو حزبانەیە كە بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا دەكەن.

* كەواتە لە كابینەی داهاتوودا بەشدار نابن؟

+ حزبمان بڕیاری داوە ببێتە ئۆپۆزۆسیۆن و ئەم بڕیارەشمان لە سۆنگەی بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمانەوە وەرگرتوەو ئەمەش بڕیاری یەكلا كەرەوەمانە.

* بۆچوونتان بەرامبەر حكومەتی داهاتوو، ئەو دەنگۆیانەش كە لە كەناڵەكانەوە لەسەر حزبی شیوعی دەگوترێ‌؟

+ هەرچی پەیوەندی بەسەركەوتن و سەرنەكەوتنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمەوە هەیە حزبمان هیچ باسێكی لەو بارەوە نەكردووە و هەركاتێك بەرنامەی حكومەت رابگەیەنرێت بە دڵنیایی راو بۆچوونی خۆمان بۆ جەماری گەلی كوردستان رادەگەیەنین و ئەوەی لە هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوەش بەناوی حزبی شیوعیەوە بڵاودەكرێنەوە، ئەوە لێرەوە بەرای گشتی رادەگەیەنین ئەوە راو بۆچوونی حزبمان نیەو بڕیاری بوون بە ئۆپۆزۆسیۆن جگە لە رەتكردنەوەی شێوازی دەسەڵاتداریەتی هەرێم هیچ شیكردنەوەیەكی دی هەڵناگرێ‌.